راپۆرت/ هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیە و چۆنیەتی بەشداریی کوردەکان

16:36 - 13 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: بڕیارە ٧ی مانگی ژونی ٢٠١٥(١٧ی جۆزرەدان) هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیە بەڕێوە بچێت، ئەو هەڵبژاردنە بە گرینگترین پرس و بابەتی رۆژ لە تورکیە دیتە ئەژمار و ماوەیەکە چالاکی حیزبەکان و ئامادەکارییەکانیان بووەتە مانشێتی میدیاکانی ئەو وڵاتە و بگرە دەرەوەی تورکیەش.

لەحاڵی حازردا پێکهاتەی سیاسی تورکیە بەسەر چوار دەستە و ناوچەدا دابەش بووە، ناوچە پیشەیی و گرینگەکانی ئەو وڵاتە لەژیر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حیزبی داد و گەشەپیدان(ئاکەپە)، ناوچە گەشتیارییەکان حیزبی ( جەهەپە)، ناوچەی دەریای رەش و هێندی شوێنی دیکە حیزبی(مەهەپە)، هەروەها بەشێک لە ناوچەکانی باشووری تورکیە لەژێر دەسەڵاتی( هەدەپە) دایە.

دوایین هەڵبژاردنی تورکیە ساڵی ٢٠١١ بەڕێوە چووە کە دەنگەکان بەم شێوەیە بوون:

ـ داد و گەشە پێدان\"ئاكەپە\" ٣٢٤ كورسی (٤٩.٩%)

ـ پارتی گەلی کۆماریی \"جەهەپە\" ١٣٥ كورسی(٢٥.٩%)

ـ بزووتنەوەی نژاد پەرەستی تورکیە\"مەهەپە\" ٥٣ كورسی(١٢.٩%)

ـ كوردەکان(ئاشتی و دێمۆکراسی ـ پارتی دێمۆکراتیکی گەلان) ٣٦ کورسی (٦ %)

کوردەکانی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١ بەشێوەی سەربەخۆ بەشدار بوون و دواتر لە پارڵمانی تورکیە فراکسیۆنیان پێکهێنا.

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیە رایگەیاندووە بۆ هەڵبژاردنی مانگی ژوئەن ٥٦ ملیۆن و ٦٥٢ هەزار و٦٤٨ كەس مافی دەنگدانیان دەبێت. لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٥٣ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار كەس لە ناوخۆی توركیە دەنگ دەدەن.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان باسی لەوەش کردووە دوو ملیۆن و ٨٦٧ هەزار هاووڵاتیش لە دەرەوەی توركیە(نیشتەجێی وڵاتانی دیکە) دەتوانن دەنگ بدەن.

شێوازی هەڵبژاردنەکان

\"26839.jpg\"
دەنگی دەنگدەران بە فیڕۆ ناچێت و ئەو بەربژێرەی کە دەنگی پێویستی نەهێنایەوە دەنگەکانی بۆ پاڵێوراوێکی دیکە دەبێت
هەڵبژاردنی ئەم جارەی نوێنەرانی پارلمانی تورکیە راستەوخۆ و نهێنی و بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو بە شێوەی لیست و حیزب دەبێت و پێویستە هەر لیستێک بەربەستی لەسەدا ١٠ تێپەڕ بکات هەتا بتوانێ بچێتە پارلمان.

لە تایبەتمەندییەکانی ئەو لیستە ئەوەیە کە دەنگی دەنگدەران بە فیڕۆ ناچێت و ئەو بەربژێرەی کە دەنگی پێویستی نەهێنایەوە دەنگەکانی بۆ پاڵێوراوێکی دیکە دەبێت.

لیست و حیزبەکان لەسەر بەدەستهێنانی ٥٥٠ کورسی پارلمان لە رەکابەریدان و هەڵبژاردن لە ٨١ پارێزگای ئەو وڵاتە بەرێوە دەچێت.

بۆ ئەو هەڵبژاردنە ١٧٢ هەزار و ٦٨٧ سەندووقی دەنگدان لەبەر چاو گیراوە.

٣١ پارت و لیستی جۆراوجۆر لەو هەڵبژاردنەدا بەشداران کە رێژەی پاڵێوراوانیش حەوت هەزار كەس راگەیەندراوە.

بەشداریی حیزبە کوردییەکان

\"26837.jpg\"
\"هەدەپە\" زۆرترین دەنگی لەناوچە کوردنشینەکانی تورکیە هەیە
سێ حیزبی\" پارتی دێمۆکراتیکی گەلان(هەدەپە)، پارتی دۆزی کورد(هوداپار) و پارتی ماف و ئازادییەکان(هاکپار) \"بەشدارن و لەگەڵ یەکترش لە رەکابەریدان.

هاکپار لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠١٤ی تورکیە لە ئامەد ٣ هەزار و ٥٠٠ دەنگی بەدەستهێنابوو و سەلاحەدین دەمیرتاشیش هاوسەرۆكی هەدەپە کە پاڵێوراوی كورد بوو، ٩% دەنگی دەنگدەرانی توركیەی بە دەستهێنابوو.

لەناو ئەو پارتانەدا\"هەدەپە\" زۆرترین دەنگی لەناوچە کوردنشینەکانی تورکیە هەیە و بە چەشنێک کە توانی ٣٦ کورسی پارلمانی تورکیە بەدەست بێنێت.

کوردەکان بەگشتی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١دا تەنیا ٣٦ کورسی پارلمانیان(بەشێوەی سەربەخۆ) بەدەست هێنابوو و دواتر لەساڵی ٢٠١٢دا دوو پارتی بەدەپە و هەدەپە فراکسیۆنیان پێکهێنا و دەنگەکان بە ناوی هەدەپەوە هەژمار کران.

ئەو پارتە کە زیاتر بە لقی سیاسی پارتی کریکارانی کوردستان(پەکەکە) دێتە ئەژمار، ساڵی ٢٠١٢دا لەلایەن کۆنگرەی دێمۆکراتیکی گەلان و چەپەکانی تورکیەوە پێکهات و ئەندامەکانی پێشتر لە حیزبی ئاشتی و دێمۆکراسیدا(بەدەپە) چالاکیان دەکرد.

هەدەپە بە رەکابەریی سەرسەختی (ئاکپار) لەناوچە کوردنشینەکان دیتە ئەژمار و بە پێی راپرسییەک کە دامەزراوەی \"گەزیج\" لە شاری ئیستانبووڵ ئەنجامی داوە لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە زیاتر لە ١٣%ی دەنگەكان بەدەست دێنێت.

لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١دا (ئاکەپە) ٧٥% دەنگدەرانی كوردی تورکیەی بەدەست هێنابوو.

لیستەكەی هەدەپە لەلایەن\" دەتەكە، دەبەپە و هەدەكە\" و ١١٠ سەرۆكایەتیی شارەوانی تورکیە و کوردستانی تورکیەوە پشتیوانیی لێدەكرێت.

هەدەپە لە هەڵبژاردنە پارلمانییەکە و تەنانەت لەبەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیی حیزبەکەشیدا باس لە پرسی نەتەوەیی ناکات و هەتا ئێستاش زۆر بەکەمی ئاڵای کوردستانی لە تەبلیغاتەکاندا بەدەستەوە گرتووە و بەرای چاودێرانی سیاسی ئەوە دەتوانێ هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کوردەکان دەنگی پێویست بەو حیزبە نەدەن.

بێجگە لەو چەند حیزبە، بەشێک لە عەلەوییەکانی تورکیەش پەیوەست بە هەدەپە بوون و پێیان وایە کە هەدەپە دەتوانی بە پێی ئەو دروشمەی( دێمۆکراتیزە کردنی تورکیە) کە هەڵیگرتووە خواستی ئەوانیش وەدی بێنێت.

ئێستا پرسیاری شارەزایانی سیاسی و چاودێرانی هەڵبژاردنەکان ئەوەیە کە ئاخۆ ئەگەر هەدەپە لەسەدا ١٣ی دەنگەکان بەدەست بێنێت و ٦٠ کورسی پارلمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەو کورسیانە و ئەو دۆخە سیاسییە چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەت و هەڵسوکەوتی پارتی کریکارانی کوردستان لە تورکیە و دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە دادەنێ؟