راپۆرت/ هۆکاری مرۆیی لە سووتانی دارستانەکاندا

01:27 - 21 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: زۆرترین ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچە کوردنشینەکان بەدەستی ئەنقەست دێنە ئاراوەو هۆکارە مرۆیەکان رۆڵی سەرەکییان لەو ئاگرکەوتنەوانە دا هەیە.

دارستانەکان لە جیهاندا بە زێـڕی سەوز ناسراون. ئاو، ئاخ و پێدەشتەکانی هەر ناوچەیەک بەشێک لە میراتی سروشتی ئەو ناوچەیە بە ئەژمار دێت و رۆڵێکی بەرچاوی لە پەرەپێدانی گەشتیاری و گەشەسەندندا هەیە.

بەڵام لەوڵاتی ئێران دا هۆکارەکانی گەشەسەندنی بەردەوام، دەبنە قوربانی ئوستانەکان، بۆ وێنە لە ناوچەکانی دەورووبەری زاگرۆس لەگەڵ بوونی دیمەنگەلێکی بێ وێنە وەکوو تاڤگەکان، رووبارە خرۆشانەکان، دیمەنی دڵڕفێنی دارستانەکانی بەڕوو، گوڵ و رووەکە جۆراوجۆرەکان و فرەچەشنیی ئاژەڵەکان کە تەنیا بەشێک لە جوانییەکانی ئەم ناوچانە بە ئەژمار دێن، نە تەنیا هیچ هەوڵێک بۆ گەشەسەندنی لایەنی گەشتیاری نەدراوە بەڵکوو بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەکان رۆژ لەدوای رۆژ بەشێک لەم سروشتە بەرەو لەناوچوون دەچێت.

\"13868.jpg\"
ئاگرکەوتنەوە گرینگترین هۆکاری لەناو چوونی دارستانەکان

لە حاڵێکدا کەلە زۆربەی وڵاتانی جیهان دارستانەکان گرینگییەکی تایبەتییان هەیە، بەڵام بەپێی ئەو راپۆرت و ئامارانەی کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و هەروەها \"ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان\" بڵاویان کردووەتەوە، زیاتر لە ٣٠ حالەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی دووشاری مەریوان و سەوڵاوا رووی داوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ٢٥ی بانەمەڕ، \"باپیری\" بەرپرسی گشتیی ئیدارەی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی کوردستان رایگەیاندبوو: ساڵی رابردوو ١٦٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تەنیا لە ئوساتنی کوردستان تۆمار کراوە کە ٦٨٠ دۆنم لە دارستانەکانی ئوستانی کوردستانی لەناو بردووە.

ئەو بەرپرسە رایشیگەیاندبوو کە ٩٥%ی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە روویان داوە دستکرد بوون و هۆکارە مرۆییەکان رۆڵی سەرکییان لەو ئاگر کەوتنەوانەدا هەبووە.

\"13867.jpg\"
هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانی ناوچە کوردنشینەکان

حکومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە دەسەڵاتدارێتی خۆیدا بە شێوەی جۆراوجۆر لە کوردستان هەوڵی پاکتاوی رەگەزی و پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤی داوە.

ئەم جۆرە روانینەی حکوومەت لە لایەکەوە بە وێرانکردن و بە تاڵانبردنی ئاسەوارە مێژوویی و کەوناراکان و لە لایەکی دیکەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە ئاگردانی ئەنقەستی دارستانەکانی رۆژئاوای ئێران و کوردستان خۆی نواندووە.

هەرچەند هۆکارە جۆراوجۆرەکان وەک: \"گەرما\" و \"هەڵکردنی با\"، دەتوانن گرینگترین هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بە ئەژمار بێن، بەڵام رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە سەبارەت بە باران بارین و شێدار(رطوبت)بوونی هەوا یەکێک لە ناوچە نایابەکانی ئێرانە، بەردەوام زۆرترین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان روو یان داوە.

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ژینگەپارێزیی و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بە نیسبەت چوونەسەرەوەی رێژەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و ناوچە شاخاوییەکان، بۆتە هۆی ئەوەیکە خەڵکی ئەم ناوچانە و سپای پاسداران بە هۆکاری سەرەکیی سووتێندران و لەناوچوونی دارستان و لەوەرگەکان لە قەڵەم بدەن.

لەم پەیوەندییەدا و بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ٥ی پووشپەر هێزە ئینتزامییەکانی جێگری لە پاسگای \"پیران\"ی نزیک گوندی \"سەردۆش\"ی مەریوان، رێگرییان لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگری دارستانەکانی دۆڵەبی کردووەو رایانگەیاندووە کە خۆمان ئەو ئاگرکەوتنەوەیە کۆنتڕۆڵ دەکەین.

لەلایەکی دیکەوە هەتا ئێستا چەندین کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون.

دارستان و لەوەڕگەکانی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی حکومەتی ئیسلامیی ئێران‌داو لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی ئەو حکوومەتەوە تووشی خەسار و زیانێکی زۆر بوون و دەبن. ئاگرتێبەردانی ئەقەستی ئەو دارستانانە لە دوو هۆکاری ئەمنیەتیی و ئابوورییەوە سەرچاوە دەگرن.

ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی رۆژئاوای ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی زیاتر هۆکاری سیاسی و ئەمنیەتیی هەیە و هێزە ئەمنییەتییەکان بە هۆی ئەوەی کە ئەم ناوچانە بە ناوچەی مەترسیدار لە قەڵەم دەدەن، بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان دارستانەکانی ئەو ناوچانە لە ناو ببەن.

لە لایەکی دیکەوە، لە هێندێک لەناوچەکان بەتایبەتی باکووری ئێران، بە ئاگرتێبەردانی دارستانەکان و لە ناوبردنی دار و رووەکەکانی بەمەبەستی سازکردنی خانووبەرە و .... هتد کەڵکی نابەجێی لێ وەردەگرن.

بە گشتی هەموو ئەم کردەوە وێرانکەرانە کە بەهۆکاری سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتییەوە دێنە ئاراوە، زیانێکی یەکجار گەوروە و قەرەبوو نەکراویان بۆ خەڵکی ئێران بەدواوە بووە.

\"13875.jpg\"
یاسا حکومەتییەکان لەمەڕ هەڵسوکەوت لە گەڵ کەسانی پەیوەندیدار بە لە ناوچوونی ژینگە

مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، سەرۆک کۆماری ئێران لە لێدوانێکدا لە \" کۆڕی جیهانیی تالاوەکان بۆ داهاتوو\" لە ساڵی ٢٠١١ دا، ئێرانی بە یەکێک لە باشترین ئەو وڵاتانەی دانبوو کە لێپرسینەوە بۆ باری ژینگەی وڵاتەکەی دەکات و وڵاتانی دیکەی بەوە تاوانبار کردبوو کە سزای ئەو کەسانە نادەن کە ژینگە بەرەو لە ناوچوون دەبەن.

سەرۆک کۆماری ئێران لە قسەکانیدا باسی لە یاسای توندوتۆڵ لەمەڕ پاراستنی ژینگە لە ئێران دا کرد و لەم پەیوەندییەدا وڵاتانی دیکەی بە کەمتەرخەمی تاوانبار کرد. ئەحمەدی نژاد رایگەیاندبوو کە ئەگر لە ئێران دا کەسێک دارێک ببڕێت یان چۆماوێک پیس بکات بەرەورووی توندترین سزا دەبێتەوە.

ئەم وتانەی ئەحمەدی نژاد لە حاڵێک دایە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، وڵاتی ئێران لە بواری لە ناوچوونی دارستانەکان بەتایبەتی دارستانەکانی زاگرۆس و رۆژئاوای وڵات زێانێکی بێ وێنەی بە خۆیەوە بینیوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کەلە راگەیاندنەکانی ئێران دا بڵاو بوونەتەوە، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەم وڵاتەدا لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییە دا ١٠٠% زیاتر لە ساڵانی رابردوو بووە.

گرینگترین ماددەی یاسایی لە پەیوەندی لە گەڵ ئاگردانی بە ئەنقەستی دارستانەکان کە دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێت، ماددەی ٤٧ی (پاراستن و کەڵک وەرگرتن لە دارستان و لەوەڕگەکان\"حفاظت و بهربرداری از جنگل‌ها و مراتع است\")ـە کە سزای قورسیان بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دیاری کژردووە.

بەپێی ئەم ماددە یاساییە، \"هەر کەس بە ئەنقەست لە دارستانەکان دا ئاگر بکاتەوە بە ٣ هەتا ١٠ ساڵ زیندان مەحکوم دەکرێت و ئەگر ئەو کەسەش لە همەئموورانی پاراستنی دارستانەکان بێت ئەوپەڕی سزای بۆ دیاری دەکرێت.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە بە وتەی کارناسانی ژینگە، رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران بەرنامەیەکی ئەوتۆی بۆ پاراستنی ناوچە دارستانییەکان نییە.

ئەو هێزە مرۆییانەی کە بۆ پاراستنی ژینگەکانی ئێران کەڵکیان لێ وەردەگیرێت یەک لە سێی ستانداردە جیهانییەکانیانە و هەر لەم پەیوەندییەدا \"باپیری\"بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی کوردستان رایگەیاندووە کە بە هۆی شاخاوی بوونی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە بوونی هەلیکۆپتێری ئاگرکووژێنەوە کە بە یەکێک لە کەرسە سەرکییەکانی کوژاندەوەی ئاگر بە ئەژمار دێت، بێبەرییە.