راپۆرت/ لەخۆبردوویی و گیان‌فدایی مامۆستایانی کورد

14:53 - 19 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لەشارەکانی کامیاران، مەریوان و بۆکان ژمارەیەک مامۆستای کورد بەهەوڵە مرۆڤ دۆستانەکانیان جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان بۆ خۆیان لەمێژوودا تۆمار کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رزگار کردنی قوتابیی لەخنکان لەلایەن مامۆستایەکی کامیارانی بە نرخی لەدەستدانی گیانی خۆی، هاودەردی مامۆستایەکی مەریوانی لەگەڵ قوتابییەکی خۆی کە تووشی شێرپەنجە هاتبوو، داهێنانی خەتی \"بریل\"‌ی کوردی بۆ نابینایان و تەرخان کردنی پارە لەلایەن مامۆستایەکی خەڵکی شاری بۆکان بۆ درووست کردنی قوتابخانە، نموونەی لەخۆبردوویی و گیانفدایی مامۆستایانی کوردن.

\"18687.jpg\"
زۆر جاریش ئەو لەخۆ بردوویی و فیداکارییانەی مامۆستایانی کورد تەنیا لەچوارچێوەی هەواڵی رۆژانە و باس و خواستەکانی هاووڵاتیاندا قەتیس نەکراوەتەوە و ئەو گیانفداییانە خۆیان لە دووتۆیی کتێبەکاندا بینیوەتەوە.

یەکێک لەو لەخۆبردوویانە کە لەمێژودا دیار و بەرچاوە هەوڵی مامۆستایەکی کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران بەناوی \"ئەدهەم موزەفەری\" بوو، کە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەقوتابخانەی ئاوایی \"ئەڵک\" سەرقاڵی وانە وتنەوە بە قوتابیان بوو.

ساڵی ١٣٧٦‌ی هەتاوی یەکێک لەقوتابیانی ئاواییەکە بەناوی شەهێن فەریدی کەوتبووە ناو ئاوی رووبارێک کە بە تەنیشت قوتابخانەکەدا تێدەپەڕی و مامۆستا ئەدهەم سەرەڕای ئەوەی شارەزای مەلەوانی نەبوو، خۆی خستبووە ناو رووبارەکە و دوای رزگار کردنی قوتابییەکی بۆخی ببووە قوربانی و خنکابوو.

شەهێن فەریدی ئەو قوتابییەی کەلە کاتی کەوتنە ناو رووبارەکە تەمەنی ١٠ ساڵ بوو، لەو دواییانەدا نووسراوەیەکی لەژێر ناوی \"مامۆستا بە چ شێوەیەک ناو و یادت لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمدا بنووسمەوە\" بڵاو کردۆتە و تیایدا رۆڵی \"ئەدهەم موزەفەری\" بەرز نرخاندووە و باسی رۆژی رووداوەکەی کردووە.

\"18686.jpg\"
باقر پیری نووسه‌ری کتێبی لەدایک بوونێکی دووبارە
لەو پەیوەندییەدا کتێبێکیش لە ژێر ناوی \" لەدایک بوونێکی دووبارە\" بە قەڵەمی \"محەممەدباقر پیری\" نووسراوە و چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەو کتێبە باس لە بەسەرهات و شێوازی گیانفدایی مامۆستا ئەدهەم موزەفەری دەکات.

چاپ کرانی وێنەی مامۆستایەکی کوردی یەکێک لەقوتابخانەکانی شاری مەریوان یەکێکی دیکە لەو گیافدایی و لەخۆبردوویانەی مامۆستایانی کورد لەهەمبەر قوتابییانیان دایە.

محەممەد عەلی محەمەدیان مامۆستای قۆناغی دووەمی سەرەتایی قوتابخانەی شێخ شەڵتووتی مەریوان ماوەیەک لەمەوبەر بە نیشانەی هاودەردی دەربڕین لەگەڵ قوتابییەکی بەناوی ماهان کە تووشی شێرپەنجە هاتبوو، قژی خۆی تاشیی.

ئەو هەوڵە کە دواتر لەژێر ناوی\"سەری من و ماهانی ئازیز بە قژە سەر حەساسە\" ناوی دەرکردو دەنگدادن و رەنگدانەوەی بەربڵاوی لێکەوتەوە، بەچەشنێک کە سەرکۆماری ئێران رێزی تایبەتی لێگرت و دواتر وێنەی ئەو مامۆستا کوردە لەسەر تەمر چاپ کرا.

هەروەها ناوی ئەوکەسایەتییە فەرهەنگیە چووە ریزی ناوی ئەو کەسانە کە ساڵی ١٣٩٢ لە میدیاکاندا زۆرترین هەواڵیان لەسەر ساز کرابوو.

داهێنانی خەتی \"بریل\"‌ی کوردی و دانی مووچەی یەک ساڵی مامۆستاییەک بۆ درووست کردنی قوتابخانە

لەدرێژەی لەخۆبردوویی مامۆستایانی کوردا، عەزیز خانە مامۆستای قوتابییانی (کەم زەین)‌ی شاری بۆکان شێوەیەک لە \"ئەلفوبێ\"ی کوردیی بۆ نابینایان دروست کرد و ئامانج لەدروست کردنی خەتی \"بریل\"‌ی رێزگرتن لەو چەشنە کەسانە ناودێر کردبوو.

خانە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا رایگەیاندبوو \"ماوەی سێ ساڵ ‌بە بەردەوامی کارم لەسەر ئەو شێوە خەتە کردووە و لەماوەیەدا ٧٣ کتێبی چیرۆکم لەزمانەکانی ئینگلیزی، فارسی و ئاڵمانییەوە وەگێڕاوەتە سەر خەتی \"بریل\"‌ی کوردی.

ئیدارەی گشتیی خاوەنداریەتیی پیشەیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژایەتیی خۆی لەگەڵ بەفەرمی ناسینی خەتی \"بریل\"‌ی کوردی دەربڕیبوو.

ژیان کەهریزانی مامۆستایەکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری بۆکانە کە بە مەبەستی دروستکردنی بینای قوتابخانەی ئاوایی \"کوول‌ئاباد\" مووچەی یەک ساڵی خۆی بە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە دابوو.

ئەو مامۆستایە پێشتریش مووچەی یەک ساڵی خۆی بۆ منداڵانی بێ‌سەرپەرستی ئاواییەکانی دەورووبەری شاری بۆکان تەرخان کردبوو.

مامۆستایانی ناوداری کورد و خاوەن پلەی جیهانی

چەندین مامۆستای دیکەی کوردیش سەرەڕای باری گوزارنی خراپی ژیانیان و بێ‌ئیمکاناتی، لەچەندین فێستیڤاڵی و خولی زانستی و ئاکادیمیک لەئاستی ئێران و جیهاندا توانیویانە سەرکەوتن بەدەست بێنێن کە بریتین لە:

سولەیمان مەعرووفی مامۆستای فیزیک لە قوتابخانەکانی مەهاباد، ئارام ئەحمەدپوور مامۆستای سەرەتایی لە ئاواییەکانی شنۆ، فارووق قاسرە مامۆستای قوتابخانەی \"سەید عەبیدوڵڵا\"‌ی ئاوایی هەجیجی سەر بە شارستانی پاوە، کەماڵ غوڵامعەلی مامۆستای وانەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەقوتابخانەی \"رازی\"ی شاری بۆکان، فاتمە حاجیان دەبیری قوتابخانەکانی شاری قوروە.