راپۆرت/ دوژمنی شاراوە لە کوردستان و دووپات بوونەوەی تراژیدیا

17:17 - 6 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رووداوی تەقینەوەی مین لە کوردستان هەر بەردەوامە و هەتا ئێستاش بە یەکێک لە مەترسییە گەورەکان ئەژمار دەکرێت کە هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکات.

پاش تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر شەڕی ئێران و ئێراقدا، تەنیا لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی سالی ١٣٩٢ی هەتاویدا ١٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە وکردنشینەکانی ئێران بەهۆی تەقینەوەی رووداوی مین بوونەتە قوربانی کە لە کۆی ئەو ١٦ کەسە ٥ کەسیان کوژراون و ١١ کەسیشیان بریندار بوون.

زیاتر لە ٢٥ ساڵ بە سەر تەواوبوونی شەری ئێران و ئێرادا تێپەر دەبێت، بەڵام هەتا ئیستاش \"مین\" وەک دێوزمەیەکی مەترسیدار هەڕەشەی جیدی لە گیان و مالی هاووڵاتییانی کورد بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی ٤ ئوستانی کوردنشینی ئێران دەکات.

بەپێی راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم چەکە ماڵوێرانکەرە ساڵانە ١٥ هەتا ٢٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهاندا دەکاتە قوربانی کە زیاتر لە ٨٠%یان هاووڵاتییانی مەدەنی پێکی دێنن.

مینی دژە نەفەر بەهۆی کێشی کەمەوە لەگەل هەر باران بارینێکدا تووش جێگۆڕکی دەبن و ئەمەش وای کردووە کە ئەو دێوزمەیە لە ناوەند و شوێنی ژیانی هاووڵاتییان نزیک ببێتەوە، رۆژانە هاووڵاتییان لەگەڵ ئەو دێوزمەیە بەرەوڕوو ببنەوە.

کاتێک کە بڕیارنامەی ژومارە ٥٢٨ لە سالی ١٣٦٨ی هەتاویدا لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و ئێراقدا واژۆ کرا، هاوولاتییانی ناوچە سنوورییەکان کە لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا زەوی و زارەکانیان لە ژێر رەهێڵەی تۆپ و خومپارەدا بوو، لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە لەگەڵ تەوابوونی شەڕ ترس و دڵە راوکێ دەڕەوێتەوە، بێ ئاگا لەوەی کە زەوی و شوێن پەیدا کردنی بژیوی ژیان بە مۆتەکەی مەرگ تەندراوە.

زەوی و زار و خاكی شارە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران وەک:مێهران، دێهلۆڕان، قەسر شیرین، نەفت شار، سۆمار، جوانڕۆ، گیلانغەرب، پاوە، مەریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و بەشێك لە ورمێ‌، بە رووبەری ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێكتار بە مین ئالوودەن و زیاترین روودا و قوربانییان لێدەكەوێتەوە.

بەهۆی بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکێکی ماڵوێرانەکەر بەناوی \"مین\"، بەردەوام کارەساتی تەقینەوەی مین لە کوردستان هاووڵاتییانی بێ تاوان دەکاتە ئامانج و تراژیدیای کوشتار و کەمئەندام بوونی هاووڵاتیان لە دووپات بوونەوە دایە.

وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ئێران لە نامەیەکدا کە مانگی فێورییەی ساڵی ٢٠٠٧ ئاراستەی رێکخراوی جیهانیی چاوەدێریی کاروباری \"مین\"ی کردبوو، رایگەیاندبوو، هێزەکانی پاسەوانی سنوو بەهۆی بەرینایی سنوورەکانی ئێران و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکان، لە مین وەک کەرەسەیەکی بەرنگاربوونەوە کەڵک وەردەگرن.

زۆربەی قوربانیانی مین لە ناوچە سنوورییەكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران كە زۆربەیان لە گوندەكان رووی داوە، بەدوای بژیوی ژیان كەوتوون و زۆربەشیان غەیرە نیزامی و بەتایبەت منداڵان، شوان و كرێكار و وەرزێڕان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەكان كە پاشماوەی شەڕی ئێران ـ عێراق و شەڕی ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانن.

زیاتر لە 6 میلیۆن هێكتار لە زەوی و زاری ئێران ئالوودە بە مینن كە سەرجەم ١٦ میلیۆن مینیان تێدا چێنراوە و ساڵانە بە شێوەی نێونجی ٣٠٠ رووداوی تەقینەوەی مین لە ئێران روو دەدەات كە زۆربەی قوربانیان كەسانی خوار تەمەن 10 ساڵن و بەپێی ئاماری كۆنگرەی مین لە ساڵی ١٣٨٣، نزیک بە ٢ هەزار كەس لە قوربانیان كەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون.

رێكخراوی یونیسێف وڵاتی عێراق و سنوورەكانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ئێران وەک \"پڕ مینترین\" ناوچەی دونیا ناودێر كردووە و رێژەی مینی چێنراوی دژە نەفەر زیاتر لە ٢٠ میلیۆنە كە ١٠٠٠ كیلۆمیتر لە خاكی عێراق مین رێژە و ئەوە جێگای مەترسییە، بەشێكی زۆری خاكی عێراق هاوسنووری ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانە و خەڵكێش بەهۆی كاسبی و كاروباری كۆڵبەری لەو سنوورانە زیاتر دەبنە قوربانی.

\"13515.jpg\"
\"13514.jpg\"
\"13513.jpg\"