راپۆرت/ تێپەڕینی چارەكە سەدەیەك بەسەر تیرۆری دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوودا

17:56 - 21 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: ٢٥ ساڵ بە سەر تیرۆری دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو یەكێك لەرێبەرە هەڵكەوتووەكانی نەتەوەی كورد، لەناو دڵی وڵاتێكی دێمۆكراتیك و ئەندامی یەكیەتی ئورووپادا تێپەڕ دەبێ‌.

شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٠٩‌ی هەتاوی، یەكێك لەئاواییەكانی ناوچەی ورمێ‌شایەتی لەدایك بوونی كۆرپەڵەیەك بوو كە دواتر نازناوی پێغەمبەری ئاشتی، ئەندازیاری سیاسەت، بیردۆزی سۆسیالیزمی دێمۆكراتیك و مامۆستای دێمۆكراسی پێ‌بەخشرا.

ئازادی، دادپەروەری و دێمۆكراسی ئەو سێ‌بنەما ئەخلاقییەی دوكتور قاسملوو بوون كە بە بڕوای زۆرێک لە شارەزایان ئەم خەسڵەتە وای كردووە دوای تێپەڕینی چارەگە سەدەیەك بەسەر نەمانی جەستەیی ئەو رێبەرە كوردەدا، هێشتاكەش بیری ئەو وەكوو سەمبولی خۆراگری و رەمزی مرۆڤایەتی لەناو دڵی ئازادیخوازاندا چەكەرە بكات و رۆژ لەگەڵ رۆژیش لە گەشە سەندن و پەرە سەندندا بێت.

دەستپێكی كاری سیاسی و رێكخراوەیی د. قاسملوو

\"20993.jpg\"
عەبدولـڕەحمان قاسملوو لەساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، چالاكییە سیاسییەكانی خۆی بە دامەزراندنی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستان لە شاری ورمێ دەست پێكرد و پاش رووخانی كۆماری كوردستان، قاسملوو بۆ خوێندن چۆتە تاران و دواتر بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن سەردانی وڵاتی فەرانسەی كردووە و پاشان لە فەرانسەوە چووەتە چەندین وڵاتی دیكەی یەك لەوان پڕاگ و بە نوێنەرایەتیی خوێندكارانی ئێرانی لە دووهەمین كۆنگرەی ئەو رێكخراوە لە شاری پراگدا بەشداریی كردووە.

بڕوانامەی زانستە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، پلەی دوكتۆرای رشتەی زانستی ئابووریی و وتنەوەی وانەكانی \"ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سوسیالیستی و بیردۆزیی گەشەی ئابووری\"ی لە دەسكەوتەكانی دكتور قاسملوو لەماوەی مانەوەی لەدەرەوەی وڵاتدا بووە.

ساڵی ١٣٥٠ دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان بە فەرمی دەبێتە ئەندامی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و لە كۆنفرانسی سێیەمی ئەو حیزبەدا بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوە و دواتر بۆ ماوەی ١٨ ساڵ سكرتێریی حیزبی دێمۆكراتی لە ئەستۆ بووە.

بەشێك لەنووسەران و رووناکبیرانی كورد، فارس و تەنانەت بیانیش گەڕانەوەی دكتور قاسملوو بۆ كوردستان بەم شێوەیە پێناسە دەكەن.

\"20994.jpg\"
\"گەڕانەوەی دوكتور قاسملوو وەک گەڕانەوە مێژووییەكەی لینین لە ئاپریلی ١٩١٧‌‌ـە، ئەگەر ئەو حەڕەكەتەی لینین شوێنەواری چارەنووس سازی لەسەر هەڵگیرسان و سەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبردا هەبوو، ئەوە حەرەكەتی مێژوویی دوكتور قاسملووش بەوەخت و لەكاتی پێویستدا بوو\".

دۆستان و نزیكانی ئەو رێبەرە هەڵكەوتووە دەگێڕنەوە:\" دوكتور بە عیشقەوە دەیڕوانینە دوورەدیمەنی كوردستان و خوایە وەتەن ئاواكەی لەبەر خۆیەوە دەوتەوە، ئەو دەیوت: دەچمە هەر وڵاتێك و لە هەر كوێ رێبەران و كەسانی سیاسی دیكە دەبینم و باسی كێشەی كورد دەكەم، هەست دەكەم كە بە رێز و حورمەتەوە وەرم دەگرن، بۆیە هەمیشە شانازی دەكرد كە رۆلەی كوردستانە و بە ناوی كوردەوە قسە دەكات\".

مەحكووم كردنی بەبارمتە گرتنی كاربەدەستانی باڵوێزخانەی ئەمریكا لەئێران، مەحكووم كردنی داگیرکاریی سۆڤیەت لە بەهاری پراگدا، مەحكووم كردنی سیاسەتەكانی حیزبی توودە، رەخنەگرتن لە سۆسیالیزمی مەوجود(لەكاتێكدا جەمسەرێكی بەهێز لەسیاسەتی جیهاندا بوو)، سەربەخۆ كردنی تەشكیلات و سیاسەتی حیزبی دێمۆكرات، مەحكووم كردنی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە لەلایەن حكوومەتی بەعسەوە و ... لە گرینكترین هەڵویستە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانی دكتور قاسملوو بوون.

تیرۆری دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و پەردەپۆش كردنی پەروەندەی ئەو كارەساتە

\"20995.jpg\"
٢٢‌ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨‌ی هەتاوی واتا ٤٠ رۆژ دوای مردنی خومەینی رێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، وڵاتی ئوتریش و یەكێك لە شەقامەكانی شاری وییەن كە بە جەرگەی وڵاتی دێمۆكراتیك ناسرابوو، شایەتی تیرۆری سێ‌كەسایەتی سیاسی \"دوكتور قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ رەسووڵ مەحموود\" بوو.

دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە مەبەستی وتووێژ و دیتنەوەی رێگە چارەیەك بۆ پرسی كورد لەگەڵ حكوومەتی ئیسلامی ئێران، بەشداریی لەو وتووێژانەدا كردبوو و بە پێی ئەو باوەڕەی كە بە ئاشتی و دیالۆگی هەبوو، رێگەی بەرەو مەرگی هەڵبژارد.

دواتر هێندێ‌بەڵگەی حاشا هەڵنەگر و سەلمێنرا كەوتە دەستی حكوومەتی ئوتریش و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، كە دەرخەری دەست تێدا بوونی ئێران لەو تیرۆرەدا بوو.

عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی، وەزیری ئیتلاعاتی ئەو كات و جەعفەر سەحرارووی لە تاوانبارانی سەرەكیی ئەو تیرۆرە بوون، بەڵام بە وتەی رێبەرانی حیزبی دێمۆكرات بەرژەوەندی سیاسیی ـ ئابووری رێگەی نەدا ئەو پەروەندەیە رەوتی یاسایی خۆی تێپەڕ بكات.

د. كەریم پیرۆتی یەكێك لە دۆستانی كورد و ئەو كەسەی كە لە رۆژی تیرۆركردنی دكتور قاسملوودا ناوبراوی هەتا بەر دەرگای شوێنی دانیشتنەكە هاوڕێیەتی كردووە دەڵێ‌: ئەگەر پەروەندی قاسملوو رەوتی یاسایی خۆی تێپەڕ كردبا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن دەزگا قەزاییە نێودەوڵەتییەكانەوە مەحكووم كرابا، شایەت دواتر شایەتی تیرۆركردنی د. سادق شەرەفكەندی سكرتێری حیزبی دێمۆكرات لەوڵاتی ئاڵمان نەبواینە.

هەموو ساڵێك لەساڵرۆژی تیرۆركرانی دكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێكانیدا، چالاكیی تەبلیغی، مانگرتن لە كوردستانی ئێران و كۆڕ و كۆبوونەوە و سازادنی سیمینار لەسەر كەسایەتی و بیرۆكەكانی ئەو رێبەرە كوردە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچێت.

\"20990.jpg\"
بەڕێوەچوونی سیمینارێكی سیاسی لە پارڵەمانی فەرانسە، خۆپیشاندانی كوردەكانی دەرەوەی وڵات، بەڕێوەچوونی دوو سیمینار لەزانكۆی سلێمانی لەهەرێمی كوردستان، بەڕێوە چوونی رێوڕەسم لەشارەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی چالاكیی تەبلیغی لە كوردستانی ئێران، لەو كارانەن كە ئەمساڵ بە مەبەستی رێزگرتن لە یادی دكتور قاسملوو بەڕێوە چووە.

تەرمی دوكتور قاسملوو لە گۆڕستانی پێرلاشێزی شاری پاریس ئەسپەردەی خاك كراوە و لەسەر كێلی گڵكۆكەی نووسراوە\" كە من مردم، كورد نامرێ‌\".