راپۆرت / ١٣٠ هەزار ژنی موعتاد لە ئێران بوونی هەیە

20:36 - 12 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوێکی \"ستادی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان\" ئاماری ژنانی تووشبووی بە ماددەی هۆشبەری لە وڵاتی ئێراندا ١٣٠ هەزار کەس راگەیاندووە.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری \"بابەک دین پەرست\"ـەوە بڵاوی کردەوە، لە وڵاتی ئێران ١ میلیۆن و ٣٢٥ هەزار کەس تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر بوونی هەیە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ١٣٠ هەزار کەسیان ژنان پێکی دێنن.

وتەکانی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە کاتێکدایە کە \"سەعید سافتیان\" کارناسی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاندووە، کە ٣ میلیۆن ٦٠٠ هەزار هاووڵاتیی ئێران ئێرانیی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لە نیوخۆی وڵات بوونیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە \"محەممەد دێهقان\" راوێژکاری تەرکی ئێعتیاد لە \"فستیڤاڵی وێنە و فیلمی سەراو\"ی ئوستانی \"گورگان\"دا رایگەیاندبوو، لە ئێستادا نێونجی تەمەنی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر بۆ ١٠ ساڵ دابەزیوە.

هاوکات \"ئیبراهیم رەفیعی\" ئەندامی ئەکادیمیای دەروونناسانی \"ئیعتیاد\"ی ئامریکا بە هەواڵدەریی \"ئیلنا\"ی راگەیاندبوو،کە رێژەی ژنانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر ٣٥% زیادی کردووەو تەمەنی تووشبوونی کچانیش بە ماددەی هۆشبەر بۆ ١٣ ساڵ دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە.

هەر لەو پەیوەندییەداو ماوەیەک پیش ئێستا رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە ئامارێکدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ٩ سالی رابردوودا ٣٧ هەزار و ٦٨٩ کەس بەهۆی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەست داوە کە بەو پێیە لە هەر رۆژێکدا ١١ کەس بەرئەنجام بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوونەتە قوربانی.

هەروەها بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجام دراون، ٩٢%ی هاووڵاتییانی ئێران خەسارەکانی ماددەی هۆشبەریان وەک مەترسیدارترین هەرەشە بۆسەر کۆمەڵگە لە قەڵەم داوە.