راوەدوونانی هێزی ئینتزامی بووە هۆی سووتان و گیان لەدەست دانی دوو هاووڵاتیی كورد

17:00 - 18 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: دوو ماشێنی هاووڵاتییان لە ناوچەی \"ملەتشقێ‌\" لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزی ئینتزامیی پێكیان دادا و لە ئەنجامدا ماشێنەكان ئاگریان گرت و سەرنشینی هەر دوو ماشێنەكە لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی سێشەممە رێكەوتی 17‌ی گەلاوێژ دوو ماشێنی جۆری سایپا لە جادەی \"ملەتشقێ‌\" هەڵكەوتوو لە نێوان سەلاسی باوەجانی ـ روانسەر لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزی ئینتزامیی پێكیان دادا و شۆفێری هەر دوو ماشێنەكە لە ئاگردا سووتان.

ناوی ئه‌و 2 هاووڵاتیه‌ کوژراوه‌ \" مسته‌فا ئیسار\" ته‌مه‌ن 23 ساڵ خه‌ڵکی جوانڕۆ و \"ته‌حسین محه‌ممه‌دی\" ته‌مه‌ن 23 ساڵ خه‌ڵکی روانسه‌ر راگه‌یه‌ندراوه.

بەپێی زانیارییەكان ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانیان سەرقاڵی كاسبی كردن و گواستنەوەی گازۆئیل بوون و ئەمەش بۆتە بیانوویەك كە لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە ده‌درێنه‌ به‌ر ده‌ستڕێژ.

بەپێی یاسای حكوومەتی ئێران گواستنەوەی ئەو كەلوپەلانەی كەلە دەرەوەی وڵات دێنەوە ناو ئێرانەوە دەبێ‌ گومرك بكرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە كەلوپەلی ناو ماڵ و هەروەها ئارایشی، چایی و برنج و زۆر خواردەمەنی دیكە كەلە سنووەركانی دیكەی كوردستانەوە دێنە ناو ئێران بەپێی ئەو یاسایانە قاچاخن.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەبەماوە هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران هاووڵاتییانی كوردی سەرسنوور و هەروەها نێو جادەكان بە بیانووی شتومەكی قاچاخ دەدرێنە بەر ەستڕێژی راستەوخۆ و گیانیان لێ‌ دەستێنرێ‌.

هەر دوو شوفێرە كوژراوەكە خەڵكی شارستانی جوانرۆن.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە چوار مانگی رابردۆوە هەتا ئێستا 17 هاووڵاتیی كورد لەسەر جادەكانی كوردستان و شوێنەكانی دیكە بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران كوژراون.

ئەو رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.