راوەدوونان و تەقەی هێزە ئینتزامییەکان، مەرگی کاسبکارێکی سنەیی لێکەوتەوە

14:03 - 13 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە نزیک شاری کامیاران و پاش راوەدوونانی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی راوەدوونان و تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری کامیاران، کاسبکارێکی کورد، کە شۆفیری ماشێنێکی جۆری پژۆ ٤٠٥ بووە، گیانی لەدەست دا.

ئەو رووداوە سەرلە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە، رێکەوتی ٩ی مانگی بەفرانبار لە نزیک شاری کامیاران رووی داوە.

تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە ماشێنی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆتە هۆی ترس و پەشۆکاویی ئەو کاسبکارە کوردەی خەڵكی شاری سنە و لە ئەنجامدا خۆی فڕی داوەتە نێو ئاوی چۆمەکەوەو لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ٣ کاتژمێر، لە ئاوەکە هێنراوەتە دەرەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە، خەڵكی شاری سنە بووە، کە بە ماشێنەکەی خەریکی کاسبی و گواستنەوەی بار و کەلوپەل بووە.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.