راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تیرۆری ڤییەنی بە بێ شەرمانە ناو برد

21:59 - 23 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: مایکل روبین، توێژەر لەدامەزراوەی\" ئەمریکن ئیننترپرایز\"لە واشنگتون و راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتارێکی بە بۆنەی کارەساتی ڤییەن بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مایکل روبین بابەتێکی لەسایتی \"کامنتر\" بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: ٢٦ ساڵ لەمەوبەر سێ کاربەدەستی ئێرانی لەبینایەک لەڤییەن لەگەڵ رێبەری کوردەکانی ئێران بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕ و کێشەکان کۆبوونەوە.

مایکل لەدرێژەی بابەتەکەیدا نووسیویەتی: وتووێژکاران لەرۆژی ١٣ی جوولای ١٩٨٩دا چەکانیان دەرهێنا و عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ لەگەڵ نوێنەری ئەو حیزبە لەئورووپا و کەسایەتییەکی دیکەی عێراقیان تیرۆر کرد.

\"28173.jpg\"
مایکل روبین:هەموو بەڵگە پزیشکییەکانیش دەرخەری ئەو راستییە بوون کە فیشەکان لەو جێگایەی کە هەیئەتی ئێرانیی لێی دانیشتبوون بەرەو هەیئەتی کوردەکان تەقیندراون
لەباتەکەدا ئەو نووسەرە ئەمریکاییە ئاماژەی بە ناوی بکووژەکان داوە و دەڵێ: سێ کەس بە ناوەکانی جەعفەر سەحراروودی، مستەفا ئاجوودی و ئەمیر بوزرگیان لەلایەن پۆلیسی ئوتریشەوە دەستبەسەر و دواتر رەوانەی ئێران کرانەوە.

مایکل روبین ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەموو بەڵگە پزیشکییەکانیش دەرخەری ئەو راستییە بوون کە فیشەکان لەو جێگایەی کە هەیئەتی ئێرانیی لێی دانیشتبوون بەرەو هەیئەتی کوردەکان تەقیندراون.

\"28172.jpg\"
ئەو نووسەرە لە بابەتەکەیدا پڕژاوەتە سەر ئەوەی کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تیرۆرەدا، حەسەن روحانی سەرکۆماری ئێستای ئێران، پۆستی بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی هەبوو و ئەگەری ئەوەش هەیە لەو تیرۆرە ئاگادار بووبێ.

روبین دەڵێ، حەسەن روحانی کە ئەگەری ئەوە هەیە ئاگاداری ئەو کارەساتە بووبێ، ئەمڕۆکە لەلایەن ئۆباماوە وەکوو شەریک و برا بەش چاوی لێدەکرێ و لە ٢٦یەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکرانی ئەو رێبەرە کوردەدا بڕیارە کە بازرگانی لەگەڵ روحانی و خامنەیی بکرێت و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئێران لە هەمبەر سیاسەتەکانی ئەمریکادا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.