راوچییەکانی شنۆ لەگەڵ سروشتی کوردستان ئاشت بوونەوە

15:31 - 17 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی بەردەوامی ژینگەپارێزی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتی کوردستان، چەند راوچییەکی ناوچەی شنۆ پەیوەست بە رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتی کوردستان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار راوچیی کوردی خەڵکی گوندی بێژاوێی ناوچەی شنۆ، بە شێوەی خۆڕسک دەستیان لە راوکردن هەڵگرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو راوچییە کوردانە ١٥ کەویان ئازاد کردووەو قەفەسەکانیشیان لە ئاگردا سووتاندووە.

ئەو راوچییە کوردانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتییانی ئەو گوندە و لە رێوڕەسمێکدا کەوەکانیان ئازاد کردووەو ئاگریان لە قەفەس و کەرەسەکانی راوکردن بەرداوە.

راوچییەکان، ئامانجی خۆیان لەئازادکردنی کەوەکان و سووتاندنی قەفەسەکان، بۆ خۆشەویستیان بۆ سروشت و ژینگەی کوردستان گەڕاندۆتەوە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردودا لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، راوچییە کوردەکان، بە شێوەی بەکۆمەڵ و بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستان، دەستیان لە راوکردن هەڵگرتووە، کە سەرجەمی ئەو چالاکییانە بەبێ یارمەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەڕێوەچووە.