راوچییەکانی جوانڕۆ، بۆ راوکردنی سمۆرە داری ٤٠٠ ساڵە دەبڕن و دەیسووتێنن

19:50 - 26 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: سروشت و لێڕەوارەکانی شارستانی جوانڕۆ، ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان وهەڵپەرستیی کەسانی بێ مبالات و هەروەها نەخۆشیی دارەکانەوە، لەگەڵ مەترسی و هەرەشەی لەناوچوون بەرەوڕوو بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە گوتەی خەڵکی ناوچەی جوانڕۆ، ژمارەیەکی بەرچاو لە دار وەن و بەڕووەکانی سەر مەزارگەی \"سوڵتان شێخ مەردان\" لە ناوچەی جوانڕۆ، کە تەمەنیان زیاتر لە ٤٠٠ ساڵە، لەلایەن کەسانی هەلپەسرتەوە لەنێو بردراون.

خەڵکی گوندی \"کانی گڵ\"ی سەربە شارستانی جوانرۆ، دەڵێن؛ ئەو دارانەی سەر مەزارگەی \"سوڵتان شێخ مەردان\" لەلایەن راوچییانی سمۆرە و کەسانی دیکەوە بۆ رێژیی کەباب بڕدراون و ئاگریان تێبەردراوە.

لێڕەوارەکانی سەیرانگەی \"ئایشێ ول\" و دارەکانی بەشی باکووری شارستانی جوانڕۆ، بە هۆکاری مرۆیی، سروشتی و نەخۆشییەوە لەگەڵ قەیرانی وشکبوون بەرەوون.

بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شارستانی جوانڕۆ هۆکاری بڕین و سووتاندنی دارەکانی سەر مەزارگەی \"سولتان شێخ مەردان\"ی بۆ راوکردنی سمۆرە لەلایەن راوچییەکانەوە گەڕاندۆتەوە.

بێهزاد رۆستەمی لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیرنا، گوتووشیەتی؛ مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپاریزی سەردانی ئەو ناوچەیان کردووەو لە راپەرتەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە ئەو دارانە پێشتر بڕدراون.

\"24803.jpg\"
بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شارستانی جوانڕۆ هۆکاری بڕین و سووتاندنی دارەکانی سەر مەزارگەی \"سولتان شێخ مەردان\"ی بۆ راوکردنی سمۆرە لەلایەن راوچییەکانەوە گەڕاندۆتەوە
هەواڵنێری ئێرنا لەو بارەیەوە نووسیویەتی، وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە کاتێکدایە، کە بە گوتەی خەڵكی ناوچەکە و ئەو چەند وێنەیەی کە لە دارەکان گیردراون، ئاماژە بەوە دەکەن کە دارەکان لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا بڕدراون و سووتێندراون.

رۆستەمی کەمیی ئیمکانات و نەبوونی پێرسونێلی پێویستی بە هۆکاری پێرانەگەیشتن و کۆنتڕۆڵی دارستان و لێرەوارەکانی ناوچەی جوانڕۆ لە قەڵەم داوە.

بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و لایەنە پەیونەدیدارەکانی ژینگەپارێزی لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران، دەیان ئەنجومەنی خۆڕسکی خەڵکی لەپێناو پاراستنی ژینگە و لێڕەوار و دارستانەکاندا دامەزراون و دەستیان بە چالاکی کردووە.

ئەنجومەنی ماپرێس لە شاری جوانڕۆ، هەتا ئێستا کۆمەڵێک چالاکیی خاوێن کردنەوە ژینگەیان بەرێوە بردووەو هەروەها کەمپەینێکی چاندنی دار بەڕوویان وەڕێخستووە.