راوچییەکان لە بەنداو مەهاباد، تەرمی شاخەوانەکەیان دۆزییەوە

21:01 - 24 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: تەرمی شاخەوانی ناسراوی کوردی خەڵکی مەهاباد، پاش ٧٠ رۆژ، لەلەلایەن راوچییەکانی بەنداوی مەهابادەوە دۆزرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەندامانی تەعاونیی راوچییەکانی مەهاباد لە کاتی راوە ماسیدا لە بەنداوی ئەو شارەدا، تەرمی \"حامید کەرباسی\" شاخەوانی تەمەن ٦٥ ساڵەیان دۆزییەوە.

ئەو شاخەوانە کوردە، یەکێک لە ئەندامانی تیمی شاخەوانیی شارستانی مەهاباد بووە، کە سەرلە بەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەهۆی باران بارین و هەستانی لافاو لە مەیدانی \"تیر\"ی ئەو شارە، گیانی لەدەست دابوو.

تەرمی حامید کەرباسی لە \"شاخی قازی‌ئاباد\"ی بەنداوی مەهاباد دۆزرابوویەوەو هەنووکە لە ساردخانەی نەخۆشخانەی مەهاباد راگیراوە.

پێشتر تیمی فریاکەوتنی مانگی سووری مەهاباد، دوو کارتی پێناس، دەزگایەکی مۆبایل و جلیسقەیەکی ئەو شاخەوانە کوردەیان دۆزیبوویەوە، بەڵام بەهۆی بێ ئاکام مانەوەی هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو شاخەوانە، وازیان لە پشکنین و گەڕان هێنابوو.