٦ راوچی لە ناوچەی سەقز دەستبەسەر کران

20:26 - 22 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: ٦ هاوولاتیی سەقزی لە کاتی راو کردن دا لەلایەن ئیدارەی گشتیی ژینگەپارێزیی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کران.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری \"مەعرووف قادری\" بەرپرسی ئیدارەی ژینگە پارێزیی شاری سەقزەوە بڵاوی کردەوە، لەناوچەی \"عەبدولرەزاق\"سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقز ٦ راوچی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە دەستبەسەر و دواتر رادەستی ناوەندە قەزاییەکان کراون.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەو کردووە کە دەستیان بەسەر تێکڕای کەلوپەلەکانی تایبەت بەڕاوی ئەو راوچییانەدا گرتووە.

ژینگەی \"عەبدوڵرەزاق\" بە رووبەری ٤٠ هەزار هێکتار لە ناوچەی سەرشێوی سەقز هەڵکەوتووە کە ٣٥ جۆر ئاژەڵی تێدا دەژین و ٣٥٠ جۆر روەک لەو ژینگەیەدا دەڕوێن.

لەلایەکی دیکەشەوە هەواڵدەریی مێهر لە زاری \"غوڵام حوسێن کازمی\" بەرپرسی ئیدارەی ژینگە پارێزیی پاریزگای \"ئیلام\"وە ىڵاوی کردەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥٤ کەس لە کاتی راو کردندا لە ژینگەکانی ئەو پاڕێزگایە دەستبەسەر کراون.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا چەند دەستە راوچی ناخۆجێی هاوکات لەگەڵ وەرزی جووت بوونی ئاژەڵە کێوییەکان دەستیان کردبوو بە راوی ئاژەڵەکانی ناو دارستان و لیڕەوارەکانی ناوچەی هەورامان.