دەیان کرێکاری کشت‌وسەنعەتی مەهاباد لە سەر کارەکانیان دەرکران

21:26 - 14 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: دوای کۆتایی‌ مانگرتنی ١٤ ڕۆژەی کرێکارانی کشت و سەنعەتی شاری مەهاباد، ٧٠ کرێکار لە سەر کارەکانیان دەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوای ئەوەیکە کرێکارانی کشت و سەنعەتی شاری مەهاباد سەبارەت بە پێ نەدانی حەقدەستەکانیان لە لایەن بەرپرسانی ئەو شوێنەوە دەستیان دایە مانگرتنی ١٤ ڕۆژە، سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی بەڵێنیان دابوو کە حەقدەستی ئەو کرێکارانە دەدەن، بەڵام ٧٠ کرێکار لە سەر کارەکانیان دەرکران.

\"30587.jpg\"
کرێکارانی کشت و سەنعەتی مەهاباد ڕایانگەیاندووە، نە تەنیا بەرپرسانی پێوەندیدار بەڵێنییەکانیان بۆ داخوازییەکانی کرێکاران جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو کرێکارانیان لە سەر کارەکانیان دەر کردووە.

ئەو کرێکارانە باسیان لەوە کردووە کە بەرپرسانی کشت و سەنعەتی مەهاباد بە بیانووی گرێبەست، پێیان ڕاگەیاندوون کە لە ڕێکەوتی ١٠ گەلاوێژ، ئیتر نەیەنەوە سەر کارەکانیان.

ئەو کرێکارانە لە دوای لێدوانەکانی جێگری پارێزگار و فەرمانداریی ویژەی شاری مەهاباد لە سەر کار دەرکراون.

ئەو ٧٠ کرێکارە ڕایانگەیاندووە کە هیچ چارەیەکمان نیە و سفرەکانمان بەتاڵە و وادە و بەڵێنی بەرپرسانیش نێو بەتاڵە.

نزیک بە ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی شیرکەتەکانی کشت و سەنعەتی مەهاباد، \"کشت و صنعت مهاباد، مجتمع دامداری و صنعتی مهاباد، مجتمع هما مرغ مهاباد و سردخانه زمزم مهاباد\" ماوەی ١٤ مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە.