دەیان هاووڵاتیی ناڕازی لە جوانڕۆ دەسبەسەر کراوە

13:01 - 30 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دەیان هاووڵاتیی ناڕازیی خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژ پێشی جوانڕۆ، دەیان هاووڵاتیی ناڕازی دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سێ برا بە ناوەکانی "ماکوان، لوقمان و ئەرکان سلێمانی"، کوڕی "شاموراد"، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارەدا دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت، هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی سلێمانی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی هاووڵاتییانی ناڕازیی دەسبەسەرکراو، خۆیان دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی لە کوردستاندا درێژەی هەیە.