دەیان سەر ئەسپی کاسبکاران لە شاری شنۆ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بەکوشت چوون

16:06 - 30 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکان لە سنووری شاری شنۆ، دەستیان بە سەر زیاتر لە ٣٥٠ سەر ئەسپی کاسبکارانی ئەو شارەدا گرت و دەیان سەر لە ئەسپی کاسبکارانیان کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە دارستانەکانی گوندی \"میرئاوا\" و \"خێوەتگە\"، دەستیان بە سەر ٣٥٠ سەر ئەسپ و باری کاسبکاراندا گرت و دەیان سەر ئەسپی ئەو کاسبکارانەیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پاش کوشتی ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران، دەستیان بە سەر شتومەکی کاسبکاراندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان. ئەسپە بارهەڵگرەکان هی کاسبکارانی شنۆ و پیرانشار بووە.

چالاکانی مەدەنی، ئەم هەوڵەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە \"تێکدانی سامانی خەڵک\" (تخریب اموال مردم) ناو دەبەن.