دەیان سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران بە تەقەی نیزامییان، کوژران

15:02 - 15 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: نیزامییەکانی حکوومەت، دەیان سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان لە پیرانشاردا دایە بەر دەسڕێژی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی جۆزەردان، دەیان سەر ئەسپی کاسبکاران، لە نزیک گوندی \"ماشکان\"، سەر بە شاری پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەتەوە، کوژران.

ئەم نیزامییانەی حکوومەت، دوابەدوای ئەم جینایەتە، کەلاکی ئەم ئەسپانەیان هەروا لە سروشتدا بەرەڵا کردووە.

ئەم کارەی نیزامییانی حکوومەت، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لە نێوان هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنیی پیرانشاردا دروست کردووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار ڕایانگەیاند کە چەندین سەر ئەسپی کاسبکاران لە کوێستانی \"مێرگە چەکۆ\"ی پیرانشاردا، لە لایەن نیزامییانی حکوومەتەوە کوژراون.

ئەم ڕێکخراوەیە، لە هەمبەری کوشتنی ئەسپی کاسبکاران ڕایگەیاندووە: \"چۆن دەبێت ئەم زمان بەسراوە بێتاوانانە لە دادگای سەحراییدا، بکوژرێن.\"

ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار لەمبارەوە وتوویانە: \"ئەم کارە دەستدرێژییە بە گیانلەبەران و لە هیچ کوێی یاسادا ئاماژە بە کوشتنیان نەکراوە.\"