دەوروبەری شاری جوانڕۆ ئاگری تێبەردرا

16:25 - 24 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چیاکانی دەوروبەری شاری جوانڕۆ لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردراو لە ئاگردا سووتا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵێک؛ پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوودا چیای \"ماپریس\"ی نزیک لە شاری جوانڕۆ ئاگری تێبەردراو سەرجەم سروشت و ژنگەی ئەو چیایە بەهۆی سووتانەوە لە ناوچوو.

ئەو شایەتحاڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هاوکات لەگەڵ کەوتنەوەی ئەو ئاگرە، ئیدارەی ئاگرکووژێنەوە ئاگادار کرایەوە، بەڵام ئیدارەی ناوبراو بەبیانووی ئەوە کە ماشێن توانای چوونە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەی نییە، هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە نەدا.

شایەتحاڵەکە باسی لەوەش کرد؛ هەرچەند چیای ماپریس رێگەی تایبەت بە ماشینی نییە، بەڵام ئیدارەی ئاگرکووژێنەوە لە ناردنی کارمەندەکانیشی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکە، خۆی بوارد.

بە وتەی ئەو شایەتحاڵە بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی شاری جوانڕۆ کە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی \"شا ئاباد\"ی سەربە ئوستانی کرماشانە، لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەدا بەشدار بووە.

دەگوترێت کە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هەتا درنگانی شەو بەردەوام بووە و رووبەرێکی بەرفراوان لە سرووشت و دارەکانی ئەو چیایە لە ناوچووە.
\"15341.jpg\"