دەنگی مانووس خەڵاتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی پێ بەخشرا

13:51 - 12 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دێکیومێنت سازێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام لە تاراوگە خەڵاتی ڕیکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ فیلمی\"چووکا\" بە دەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دێکیۆمێنت سازێکی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلام و دانیشتووی وڵاتی ئوسترالیا توانی خەڵاتی ئەمساڵی ماڵتی میدیای ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت.

\"بێهرووز بووچانی\" دێکیۆمێنت ساز و پەنابەری کورد بە \"دەنگی مانووس\" ناسراوە.

ئەو دێکیۆمێنت سازو پەنابەرە کوردە ئیلامییە لە ناوەندی پەنابەرانی \"دوورگەی مانووس\" پەنابەرە و لە \"پایوئاگینە\"ـی نوێ نیشتەجێیە و نەیتوانیووە لە سیدەنیی ئوسترالیا و لە ڕێوڕەسمی ورگرتنی خەڵاتەکەیدا ئامادە بێت.

بێهرووزبووچانی بەردەوام بارودۆخی پەنابەرانی دوورگەی مانووسی ڕووماڵ کردووە و چەندان ڤیدیۆی لە ڕەوشی ئەو پەنابەرانە بڵاو کردووەتەوە.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە وتووێژێکدا لەگەڵ \"بێهروز بووچانی\" بڵاوی کردەوە کە ئەو دێکیۆمێنت سازە کوردە فێلمێکی بە ناوی \"چوکا\" دروست کردووە.

بووچانی لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپا گوتبووی نزیکه‌ی ٨٠٠ که‌س له دوورگه‌ی مانووسن و نزیکه‌ی ٨٠٠ که‌سیش له دوورگەی نارۆنن. له‌م چوار ساڵە نزیکه‌ی ٦٠٠ که‌سیش ڕۆیشتوونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان که زۆربه‌یان خەڵکی وڵاتانی ئێران و ئەفغانستان بوون.

\"چوکا\" ناوی فیلمێکی دێکۆمێنتارییە لە لایەن دوو دەرهێنەری کورد و فارس، لە ڕێگای موبایلەوە وێنەگری بۆ کراوە و لە فێستیڤاڵی لەندەن بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی بڵاو بووەتەوە.

ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییە باس لە ژیان و بارودۆخی پەنابەران لە کەمپەکانی\"مانووس و نارۆ\" دەکات و بۆ ئەم مەبەستە ئاژانسی کوردپا لە گەڵ یەکێک لە دەرهێنەرەکانی ئەم فیلمە دێکۆمێنتارییە وتووێژێکی پێک هێناوە.