\"دەنگ بدەن بە بڕیارنامەی مەحکووم کردنی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا\"

15:38 - 23 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٣٦ ڕێکخراوی ناحکوومی، نامەیەکی هاوبەشیان لەمەڕ ڕەوتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، بە بەشداریی ئەندامانی خۆی، دانیشتنێک ئەنجدام دەدات کە تێیدا بڕیارنامەی مافی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەخرێتە بەر دەنگدانەوە.

دامەزراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی جیهان و ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە حکوومەتەکان کردووە کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا شەرمەزار بکەن.

لە بەیاننامەی ئەو ٣٦ ڕێکخراوەدا ئاماژە بە سەرپێچیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت جێبەجێکردنی بەڵێنە نێونەتەوەییەکان کراوە و هاتووە : \" سیستمی حاکم لە سەر ئیران بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵ دەدات کە باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆمەڵگای ئەو وڵاتەوە لاواز بکات.\"

هەروەها، لەسەر پێشنیاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان _ ژنێڤ، لە بەشێکی ئەو بڕیارنامە و بەیاننامە هاوبەشەدا، ئاماژە بە سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت نەتەوەکانی ئێران وەکوو؛ کورد، عەرەب بەلووچ و تورک کراوە.
لەو بەیاننامەیەدا کە کۆپییەکی بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، چوونە سەرەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان و توندوتیژی دژی ژنان لەبەرچاو گیراوە و داوایان لە ئەندامانی کۆڕی گشتی کردووە کە بە دەنگی ئەرێی خۆیان، بە مەبەستی هاوکاری لەگەڵ کارناسانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەان گوشار بخەنە سەر حکوومەتی ئێران.

ئەو ڕێکخراوانە ڕوونیشیان کردووەتەوە کە بە دانی دەنگی ئەرێ بەو بڕیارنامەیە، سیگناڵێکی بەهێز دەدرێت بە حکوومەتی ئێران.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، بونیادی عەبدولرەحمان بروومەند، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجانی ئێران، گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچێستان، ناوەندی پشتیوانانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز _ئورووپا، چاوەدێریی مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی بۆ ئیران و کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران _ ژنێڤ، ئەو بەیاننامەیان واژۆ کردووە.