دەفتەری پارلمان لە سلێمانی، پشتیوانیی لە زیندانیانی مانگرتووی ورمێ کرد

20:27 - 19 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە زیندانی ورمێ، ١٦ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی مافی مرۆڤ و هەروەها رۆژنامەنووس و چالاکانی سیاسی لە بەر دەم دەفتەری پەرلەمان لە سڵیمانی کۆبوونەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز کە بەرابەر بوو لەگەڵ رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، لە سێیەمین رۆژی مانگرتنی چالاکانی سیاسیی کورد لەبەردەم دەفتەری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی بەرین بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە زیندانی ورمێ لە بەردەم دەفتەری پەرلەمان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەیاننامەیەک بۆ پشتیوانی لەو زیندانییە سیاسییانە و هەروەها بەرەوڕوو بوونەویە گەندەڵێ خوێندرایەوە.

لە چەند بڕگەیەکی ئەو بەیاننامە ١٦ خاڵییەدا پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی بەندکراوانی سیاسی و مەدەنیی کورد کراوە.

فیدرواسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی لقی کوردستان، سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان، رێکخراوی پەنابەرانی ئیرانی لە عێراق، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، رێکخراوی ئۆتیزم، دەستەی دۆندرۆم، یەکیەتیی کەمئەندامانی کوردستان، رێکخراوی سی اس ئای، رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان، رێکخراوی سی یۆچر، رێکخراوی هاوار، رێکخراوی مرۆڤدۆست، رێکخراوی داکۆکی لە ماف و مافپەروەری، رێکخراوی VOP، گرووپی هانا، فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی لقی سلێمانی و کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان واژاۆکارانی ئەو بەیاننامەیە بوون.

لەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆدا، دوکتور شێرکۆ حەمە ئەمین، بەرپرسی دەفتەری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی پەیامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە کە تیایدا باسی لە زیندانیانی مانگرتووی کورد لە زیندانی ورمێ کرد و پشتیوانیی پەرلەمانی بۆ کار کردن لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی و لابردنی ئەو زەخت و گوشارانە دەربڕی.

\"23547.jpg\"
دوکتور شێرکۆ حەمە ئەمین، بەرپرسی دەفتەری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی
دوکتور شێرکۆ حەمە ئەمین لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئێمە وەکوو پەرلەمانتارێک کار بۆ ئەوە دەکەین لە رێگەی پەرلەمان و حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە فشار بخەینە سەر کۆماری ئیسلامی، کە دەست لە فشار و ئەشکەنجەی رۆڵەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبگرێت.

بەرپرسی پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتیی خەڵكی کوردستان دەکات، داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات، ئەو کردەوانەی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکات، کە لەم سەردەمەدا بەدژی زیندانییانی سیاسیی کورد بەکاری دێنی، کە خەڵکی کورد لەسەر ئازادیی بیروڕا لەسێدارە ئەدات و کەیسی سیاسی تێکەل بە کەیسی ماددەی هۆشبەر دەکات.

یەکێک لە مانگرتوانی بەردەم دەفتەری پەرلەمان لە سلیمانی، بەناوی عەدنان رەشیدی، چالاکی سیاسیی کوردی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردپا هۆکاری بەشداری کردنی خۆی بۆ پشتگیری زیندانییە سیاسییەکانی ورمێ و مەحکووم کردنی هەڵوێست و فشاری بەرپرسانی حکوومەتی بۆسەر ئەو زیندانییە کوردانە گەراندەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە، کە بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە زیندانی مەریوان زیندانیی سیاسی بووە، دەشڵێت؛ \"ئێمە بەم مانگرتنە پەیامێک ئاراستەی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران دەکەین، کە بە فشار بۆسەر زیندانیانی سیاسیی کورد، کارێکی نامرۆڤانەیە و بەدوور لە هەموو ئەخلاقێکی ئینسانییە\".

عەدنان رەشیدی گوتیشی: داوام لە خەڵكی رۆژهەلاتی کوردستان ئەوەیە کە بە مانگرتنی گشتی و کۆبوونەوە لەبەر دەم دادگا و زیندانەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا دەرببڕین.

ئا: ئارام حاجی‌پوور


\"23549.jpg\"

\"23550.jpg\"

\"23551.jpg\"

\"23553.jpg\"