دەسکورتی، کۆڵبەرێکی لە چارەسەریی پزیشکی بێبەری کرد

16:14 - 1 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دەسکورتی، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشەی لە چارەسەریی پزیشکی بێبەری کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەحمەد ڕازی\"، تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی شاری نۆدشە، بە هۆی هەژاری و دەسکورتی، توانای تێچووی پزیشکیی بۆ چارەسەریی سەرمابردوویی قامکەکانی دەستی نییە.

ئەم کۆڵبەرە لە ملەی تەتەی هەوراماندا، تووشی ئەم ڕووداوە بووە و لە کاتی کۆڵبەریدا تووشی سەرمابردوویی قامکەکانی دەستی بووە.

ناوبراو بە هۆی کێشەی ماڵی و دەسکورتی، توانای دانی تێچووی نەخۆشخانە بۆ چارەسەریی پزیشکی نییە.

بە وتەی ئەم کۆڵبەرە کوردە، ناوبراو پاش ئەوەیکە پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانەی شاری کرماشاندا بۆ چارەسەریی پزیشکی خەوێندرابوو، بە هۆی هەژاری و دەسکورتی لەسەر ڕەزامەندیی خۆی، بەناچاری نەخۆشخانەی بەجێهشتووە.

هەتاکوو ئێستا ناوەندە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەت، هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەیان بۆ یارمەتیدانی پزیشکیی ئەو کۆڵبەرە کوردە، ئەنجام نەداوە.