دەسڕێژیی هەڵۆکانی زاگرۆس بۆ سەر دەستوپەیوەندییەکی حکوومەت لە مەریوان

17:00 - 5 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەریوان، کەوتە بەر دەسڕێژیی هەڵۆکانی زاگرۆس لەو شارەیەدا.

ماڵپەڕی هەڵۆکانی زاگرۆس لەم بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە بە مەبەستی چاوترسێنکردنی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران لە شاری مەریوان، دەسڕێژییان لێکردووە.

ماڵپەڕی هەڵۆکانی زاگرۆس هەروەها ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی، یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بە ناوی \"شاهۆ پیروزی\"، خەڵکی گوندی \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان، کەوتە بەر دەسڕێژیی هەڵۆکانی زاگرۆس و ماشینەکەی درایە بەر گولـلە و لە کار خرا.

ئەم ماڵپەڕە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ئەمجارەیان، هەڵۆکانی زاگرۆس بەئەنقەست خۆیان لە سزادانی یەکجارەکی پاراست و دوو جاری دیکەش ناوبراویان ئاگادار کردووەتەوە کە واز لە نیشتمانفرۆشی بێنێت.

ماڵپەڕی هەڵۆکانی زاگرۆس هەروەها نووسیویەتی کە ئەمجارەش وەکوو دوادەرەتان، ژیانی ئەو جاشەیان پاراست و ڕایانگەیاند: \"سەرەڕای سنگ فراوانیمان و سەبر و دان بەخۆداگرتنمان، هیچ دەستوپەیوەندییەکی حکوومەت لە بازنەی چاودێریمان بزر نابێت و لە ئەگەری گوێنەدان بە وریاکردنەوەکانی هەڵۆکانی زاگرۆس، سزای تاوانەکانیان دەسپێرین بە گولـلەی گەرمی چەکی تۆڵەی ڕۆڵەکانی نیشتمان.\"

هەڵۆکانی زاگرۆس، پۆلی زرێبار
٥ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی