دەسپێکی چالاکی \"هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێران\"

15:46 - 5 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: \"هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێران\" لە شاری هانوڤێری وڵاتی ئاڵمانی، دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.

\"هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێران\"، کە لە ١٠ حیزب و لایەنی سیاسی پێکهاتووە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، دامەزرانی خۆی ڕاگەیاند و دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

دەقی ئەو ڕاگەیاندراوە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا


چل ساڵ لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبێت، لەو ماوەیەدا بەرهەمێکی جیا لە جینایەت، سەرکوت، کوشتار و ئێعدام، تاڵان و بەرزبوونەوەی هەژاری بۆ خەڵک نەبووە. لە وەها دۆخێکدا، شایەتی ئەوە بووینە کە کۆمەڵانی خەڵک بۆ لابردنی هەڵاواردن، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خەبات بۆ بەرانبەریی نەتەوەکانی ئیران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و کرێکارییەکان، ژنان، خوێندکاران، وەرزێڕان، فەرهەنگییان، پاراستنی ژینگە، بێکاران و هەژارانیش بە هەمان شێوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوه.

قووڵبوونەوەی قەیرانەکان چوارچێوەی کۆمەڵگای ئێرانی تەنیوە و لە لایەکی دیکەوە چڕتڕبوونەوەی دوژمنایەتی توندی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و ئاستی نێودەوڵەتیدا لە بواری پێوەندییەکاندا ڕێژیمی ئێرانی لە جارانی پێشوو بێهێزتر کردووە و خستووەیەتە سەرەولێژی ڕووخانەوە.

لەوەها دۆخێکدا درێژەی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە جیا لە زیان و کێشەخولقێنیی زیاتر هیچ قازانجێکی نییە، هەر بۆیە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو هێزەکانی کۆماریخواز و دێموکرات بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵک لە هەموو کاتێکدا پێویستتره.

بە لێکدانەوە و تێگەیشتن لەو ڕاستییە ئێمە حیزب و ڕێکخراوەکانی واژۆکاری ئەو ڕێککەوتنە لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٦ی نوامبری ٢٠١٨ی زایینی، هاوکاریی فەرمیی خۆمان ڕادەگەێنین.

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئێمە بە شێوەی هاوبەش بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دانانی نیزامێکی هەڵقووڵاو لەسەر دەنگدانی خەڵک بەپێی کۆماری، دێموکراسی، جیایی دین لە دەوڵەت و فیدراڵیزم کە دابینکردنی مافی نەتەوەیی ـ دێموکراتیک خەڵک بێت؛ خەبات دەکەین.

ئێمە پشتیوانی لە خەباتی ئازادیخوازانە و مافویستانەی خەڵکی ئیران دەکەین و بۆ کۆتاییهێنان بە زوڵم و زۆر و دابینکردنی مافی بەرانبەر، ئێرانێکی فیدراڵ، ئازاد، ئاوەدان، دێموکراتیک و یەکپارچە و یەکگرتوو خەبات دەکەین.

ئێمە خوازایاری ئازادی و ئاشتین و دژی سیاسەتی دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئیران، لە ناوچە و جیهانداین.

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا، بە مەبەستی بەرینترکردن و بەشداریی لایەنەکانی دیکە لە ئێراندا دەستی هاوکاری بۆ هەموو بنکە، ناوەند، ڕێکخراو، حیزب و کەسایەتییەکان و باقی لایەنەکانی دیکە ڕادەکێشێت.

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا
٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی
٢٣ی فیورییەی ٢٠١٩ی زایینی