دەسهەڵگرتنی ٣٦٦ قوتابیی مەریوانی لە خوێندن بە هۆی کێشەی ماڵییەوە

14:42 - 28 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ساڵی رابردوو، كێشەی بژیوی ژیان لە نێو بنەماڵەكانی شاری مەریوان بووە هۆی ئەوەی كە ٣٦٦ قوتابی واز لە خوێندن بێنن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەكی بەرچاو لە قوتابیانی شاری مەریوان، بە هۆی كێشە و سەرهەڵدانی قەیرانی بژیوی ژیان، دەستیان لە خویندن هەڵگرتووە.

فەرمانداری شاری مەریوان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شۆرای پەروەردە و بارهێنان ڕایگەیاند: ٣٦٦ قوتابیی شاری مەریوان، بە هۆی خراپبوونی باری ماڵیی بنەماڵەکانیان دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

بە وتەی محەممەد شەفیعی، هەرچەند لەو ٣٦٦ قوتابییە، زیاتر لە ١٧٦ کەسیان درێژەیان بە خوێندن داوەتەوە. بەڵام دەبێت ئەو پرسە بە شێوەیەکی تایبەت لە لایەن پەروەردە و بارهێنانەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، هەروەها لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، گەر دەسهەڵگرتن لە خوێندن بە هۆی کێشەی ماڵیی بنەماڵەی قوتابییانەوە لە مەڕ کڕینی کەرەستەی خوێندن وەکوو کتێب و پەڕاو بێت، دەتوانن بۆ کڕینی ئەم کەرەستانە لە لایەن دەوڵەتەوە یارمەتیی بنەماڵەکان بدرێت.

كۆمەڵناسان لەو بڕوایەدان، کە ئەو كەسانەی لە بازنەی بارهێنان و فێركاریی بەجێ‌ دەمێنن، زیاتر خەڵكی ناوچە پەراوێزخراوەكانن و توێژینەوەكان دەریانخستووە، ئەو ناوچانەی كە فارسزمان نین و زیاترین ڕێژەی ئەو قوتابییانەی لە خۆ گرتووە، كە لە خوێندن بێبەری دەبن.

هەژاری و دەسكورتی بنەماڵەكان، كێشە و سەقەت بوونی سیستەمی بارهێنان و ڕوانینی نەرێنی بنەماڵەكان لە گرینكترین هۆكارەكانی بەجێمانی قوتابییان لە خوێندن دێنە ئەژمار.