دەستێوەردانەکانی شورای شاری مەریوان بووە بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی شارەداری ئەو شارە
"سیروان وەیسی"، شارەداری مەریوان، بەهۆی دەستێوەردانە سەروویاساییەکانی شورای شاری مەریوان لە کاروباری ئەو شارەدارییە، دەستی لە کار کێشایەوە.
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی "سیروان وەیسیـ"ـدا هاتووە: "شورای شاری مەریوان وەکوو ناوەندی چاوەدێر و باڵادەستی شارەداری و کۆمەڵەی بەڕێوەبەریی شار، بەپێی ئوسووڵ دەبێ هاوکار و یاوەری ئێمە بێت، بەڵام بەداخەوە سەرەکیترین لەمپەرە لە بەردەم پێشکەوتنی شاری مەریوان".
شورای شاری مەریوان، بە دەستێوەردان لە کاروباری شارەداری، داواکاریی بێجێ و سەروویاسایی، جیا لە کاروباری شەرعی و یاسایی خۆی، بوونەتە بەستێنێک بۆ لابیگەری و کێبڕکێ لە دامەزران و لابردنی فەرمانبەران و کرێکاران.
لە بەشێکی تر لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی "سیروان وەیسیـ"ـدا هاتووە: "بێگومان ئەم ڕەوتە نەتەنیا یارمەتی بە گەشە و پێشکەوتن لە مەریوان نادات، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێتە هۆی زیاتری سەرهەڵدانی کێشە و گرفتەکان لەو شارەدا".
پێشتریش "سیروان وەیسی" لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لە دەستێوەردانەکانی "ئارتیکاس ئیقباڵ"، فەرمانداری مەریوان کردبوو کە ڕێگرە لە پرۆژە ئاوادانییەکانی ئەم شارە.