دەستێوەردانی كەسانی سەر بە حكوومەت و بێسەرەوبەرەیی لەپۆستە دەوڵەتییەكان لەكرماشان+وتووێژ
ئاژانسی كوردپا: لەچەند هەفتەی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بەڕێوەبەری (مدیریتی) لە ئوستانی كرماشان لەگەڵ كێشە و ئاریشە بەرەوڕوو بۆتەوە كە دەرخەری رەكابەریی هێندێكەس و بەرپرس لەگەڵ دانان و پێدانی پۆست بە كەسانی سەر بە \"دەوڵەتی تەدبیر و ئومید\"ی حەسەن رۆحانییە.
چالاكێكی سیاسیی كورد لەو بارەیەوە بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند: هەوڵەكانی دەوڵەتی رۆحانی لەئوستانی كرماشان \" كۆنەپارێزانە\" بووە.
سەرەتای ناڕەزایەتی و دژایەتیی كردنەكانی ئاڵوگۆڕی بەڕێوەبەریی لە ئوستانی كرماشان لەلایەن مەلا قادر قادری پێش نوێژی شاری پاوەوە دەستی پێكرد و لەرێوڕەسمی ناساندنی فەرمانداردا بەشداری نەكرد.
قادری بە بەردەوامی و لەماوەی ئەو ٣٥ ساڵەدا رۆڵێكی یەكلایی كەرەوەی لەشاری پاوەدا هەبووە و ئەو دۆخە وای كردووە كە دژبەرەكانی ئەو بە دەستێوەردان لە كاروباری \"دەوڵەتی تەدبیر و ئومید\"دا تاوانبار بكەن.
هەر لەو پێوەندییەدا و سەرەڕای ئەوەی ئیمام جومعەی بناژۆخوازی \"سونقور\"یش لەگەڵ لابردنی فەرمانداری دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد نەبوو، بە نیسبەت دانانی فەرمانداری تازەوە، هەڕەشەی خستنە ڕووی \"پەروەندەی ئەمنیەتیی\" ئەو كەسەی كردووە.
لەشارەكانی \"قەسری شیرین و هەرسین\"یش لەگەڵ دانانی فەرماندارەكان دژایەتیی كراوە و ئەو دژایەتییە ئوستانداریشی گرتۆتەوە.
سێنوێنەری شارەكانی كرماشان و جوانڕۆش لە مەجلیس پێشێیان بە دانانی بەرپرسی تازەی \"بونیادی شەهید\" گرتووە.
باقر پیری یەکێک لە ئەندامانی بەرەی یەكگرتووی كورد لە وڵامی ئەو پرسیارەی هەواڵنێری كوردپا كە سەرپێچی كردنی بناژۆخوازەكان لە دانانی مودیرانی دەوڵەتییدا بۆ چی دەگەڕێنێتەوە؟ گوتی: دەوڵەتی رۆحانی لە ماوەیەدا كە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، زیاتر خۆی وەكوو \"كۆنە پارێز\" دەرخستووە و ئەو مەسەلەیە لە كوردستان بەرچاوترە.
ئەو چالاكە سیاسییە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید بە \"خۆبواردن لە ئاڵوگۆڕی بنچینەیی\" لە ئوستانی كرماشان تاوانبار دەكات و ئەو ئاڵوگۆڕانەش تەنیا بە مەبەستی \" گۆڕینی بەرپرسانی دەوڵەتی پێشوو\" لەقەڵەم دەدات.
سەرەتاكانی جۆزەردانی ساڵی پێشوو و لە كاتی هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی، حەسەن رۆحانی بەیاننامەی ژمارەی ٣ی خۆی كە باسی لە مافی \"اقوام\"، ئایین و مەزهەبەكان دەكرد، بڵاو كردەوە و ئەو بەیاننامەیەش لەگەڵ پێشوازی رێفۆرمخواز و لایەنگرانی بەرەی یەكگرتووی كورد بەرەوڕوو بوویەوە.
لەو بەیاننامەیەدا باس لە گرینگی كەمینە \"نەتەوەیی ـ ئێتنیكی\"ییەكانی دانیشتووی ئێران كرابوو و لابردنی هەڵاواردن و قەرەبووكردنەوەی دواكەوتنەكانی ئابووری لە ئوستانە بێبەریی و لەحاڵی شەڕدا، لەكارەكانی دەوڵەتی داهاتوو بوون.
هەر لەو پێوەندیەدا ئوستانداری كرماشان لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردبۆوە، كەسێك كە لە قەسری شیرینەوە هاتبوو داواكاریی هەبوو و دەیوت دەبێ روانینی ئەمنیەتی بۆ سەر ئوستانەكانی كوردستان كۆتایی پێبێت و گرینگی بە بواری ئابووری ئەو ئوستانانە بدەین، روانگەیەك كە دەرخەری بەردەوامیی روانین و زاڵ كردنی كەشی ئەمنیەتی بەسەر ئوستانە كوردنشینەكان دایە.
لەچەند رۆژی رابردوودا نزیک بە ١٠٠ كەس لە چالاكانی سیاسی ـ كۆمەڵایەتی لەنامەیەكدا روو بە نوێنەرانی ئوستانی كرماشان رایانگەیاندبوو، پێویستە كێشە بۆ ئاڵوگۆڕی بەڕێوەبەریی دروست نەكرێت، چالاكانێك كە باقر پیری پەرۆشی كوردبوونەكەی بە خاڵێكی هاوبەش لەنێو چالاكانی دیكەی ئوستانە كوردنشینەكاندا دەزانێت.
ناوبراو رێفۆرمخوازەكان بە دوو دەستە و بەرەی دەوڵەتی و غەیری دەوڵتی دابەش دەكات و دەوڵەتییەكان بە هەلپەرەست دەزانێو كورد بوون بۆ ئەوان گرینگ نیە و مل كەجی بڕیارەكانی ناوەندن.
ئەو ئەندامەی بەرەی یەكگرتووی كورد رێفۆرمخوازە غەیری دەوڵەتییەكانی ئوستانی كرماشان بە كەسانێكی سەربەخۆ لەقەڵەم دەدات و كورد بوون بە ئەولەوێتی ئەوان لەقەڵەم دەدات.
بەرەی یەکگرتوو زۆر بە كەمی بە دوای پۆست و پلە و پایەوەن و هەتا ئێستاش دەوڵەتی تازە زۆر متمانەی سەبارەت بە بەشداری پێكردنیان لە دەسەڵاتدا پێیان نیە.
باقر پیری، ناوەندیەتیی پێكهاتنی شۆرای بەرەی یەكگرتووی كورد لەكرماشان بە بایەخ دانی ئەو بەرەیە بە ئوستانی كرماشان و چالاكانی سیاسی ئەو ناوچەیە وەسف دەكات و گوتیشی: بەرپرسی \"جاداک\"(كۆمەڵگەی خوێندكاران و فێرخوازانی كرماشان) لە ئەندامانی شۆرای بەرەی یەكگرتووی ئوستانی كرماشانن و دۆستان لە بوارەكانی سیاسیی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی زۆر چالاكن.
ئوستانی كرماشان بە بەردەوامی گرینگییەكی تایبەتی لەنێوان حیزب و گرووپە سیاسییەكاندا هەبووە و مەزهەب یەكێك لەو كەرەسانە بووە كە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لەبەر دەم مەسەلەی نەتەوەخوازیدا زەقییان كردۆتەوە.
ئەو ئەندامەی بەرەی یەكگرتووی كورد باسی لەوەش کرد: بە پێی ئەوەی كرماشان لەسەر جادەی هەوریشم بووە و بازرگان و گەشتیارەكان لەو شوێنەوە چوونەتە وڵاتی دیكە كارێكی وای كردووە كە خەڵكی كرماشان بە داب و نەریتی خەڵكانی تر ئاشنا بن و لەهەمبەر كێشە ئاینییەكاندا خۆراگریەكی باشیان هەیە.
لەسەردەمی هەخامنیشییەكانەوە هەتا ئێستا بە بەردەوامی هەوڵ دراوە كە ناوچە كوردنشینەكان بە ناوەندیەتیی كرماشان لە شوناس و فەرهەنگ و مێژووی خۆی جیا بكەنەوە. ئەو پرسە لە سەردەمی سەفەوییەدا زۆر بەربڵاوتر بووە و لەسەردەمی دەسەڵاتدارییەتی \"محەممەد عەلی میرزای دەوڵەت شا\" تەنانەت فارسی ئاخاوتن ئیمتیاز بووە، ئەو سیاسەتە لە سەردەمی رەزاخان بەهاوكاری ئاتا تورك لە دیاربەكر و حاشا كردن لە شوناسی كورد، لەكرماشان و دواتریش بە راگواستنی كوردەكانی كەركووك بەرێوە چووە ویستییان ئەوانە لەكوردستان بوون بسڕنەوە.
ئەوەیكە ئێستا لەسەر دۆخی ئوستانی كرماشان بەدیی دەكرێت، كێشە جەناحی و دەستە بازییەكان لەنێوان بەرەی دەسەڵاتدارانە و پرسی كورد بوونەكە خراوەتە پەراوێزەوە.