دەستێوەردان لە دادگای شاری نەغەدە و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان کورد و ئازەری

17:14 - 15 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: دەستێوەردان ئەمام جومعەی ورمێ و نوێنەری وەلی فەقێ لەو شارە لە پەروەندەیەکی شاری \"ورمێ\"دا، نیگەرانیی لای هاووڵاتییانی کورد و ئازەری دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٠ دووکانی هاووڵاتییان لە مەیدانی ژاندارمێریی شاری نەغەدە کە ٤٠ سال پێش ئێستا لەلایەن کەسێکی خۆشناوی ئەو شارەوە بە هاووڵاتییان فرۆشراوە، لە ئێستادا کەسێک بەناوی \" م، ح\" و بەپشت بەستن بە یاساکانی زەوت کردن مڵکی هاووڵاتییان، ئیدعای خاوەنداریەتی ئەو ٢٠ دووکانە دەکات.

\"مەلا ساڵح رەحیمی\" کەسایەتیی ناسراوی شاری نەغەدە بەر لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ خاوەنی ئەو دووکانانە بووە کە دوای ئینقلاب بەهۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەوە لە باشووری کوردستان گیرسابوویەوە و دواتر کۆچی دوایی کردبوو.

\"13135.jpg\"
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە \" م، ح\" بە پشت بەستن بە ماددەی ٤٩ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داوای چۆڵکردنی ئەو دووکانانەی کردووە و خۆی بە خاوەنی یاسایی ئەو ٢٠ دووکانە لە قەڵەم داوە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ئاگادار لەو مەسەلەیە وێڕای بە درۆ خستنەوەی ئیدعای \"م، ح\" لەمەڕ خاوەنداریەتی ئەو دووکانانە، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ٢٠ دووکانە هیچ پەیوەندییەکیان بە یاسای زەوت کردنی مڵکی هاووڵاتییانەوە نییەو ئێمە سەبارەت بەم کێشەیە لە دادگا سکاڵامان لەسەر ئەو کەسە داگیرکارە تۆمار کردووە، بەڵام ناوبراو بە پشتیوانیی مەلا حەسەنی ئیمام جومعەی شاری ورمێ و ناوەندە ئەمنیەکان هیچ وەڵامێک بە خاوەن دووکانەکان نادەنەوەو تەنانەت بڕیاری دادگاش پێشێل دەکەن.

مڵک و دارایی ئەو کەسانەی کە وڵاتیان بەجێهێشتووە لەلایەن ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکانەوە بەپشت بەستن بە ماددەی ٤٩ی یاسای بنەڕەتی و بڕیارنامەی ستادی جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی خومەینی، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

دانیشتوانی شاری نەغەدە کە هاووڵاتییانی کورد و ئازەری پێکی دێنن، بەهۆی دەستێوەردانەکانی مەلا حەسەنی تووشی نیگەرانی بوون و ئەم کارەی ناوبراویشیان لە راستای دووبەرەکی نانەوە لە نیوان هاووڵاتییانی کورد ئازەریدا لە قەڵم داوە.

پێشتریش نوێنەری خەڵکی شاری نەغەدە و شنۆ لە مەجلیسی ئێران رەخنەی لە کردەوەکانی مەلا حەسەنی سەبارەت بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی لە نێوان هاووڵاتییانی \"کورد و ئازەری\"دا گرتبوو.