دەستکورتی هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییەکی مەریوانی

17:29 - 7 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکووژیی هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی مەریوان ئاماری خۆکوژیی هاوولاتییانی کورد لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا گەیشتە ٥٦ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ هاووڵاتییەکی مەریوانی بەناوی \"هیوا سەلیمی\" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی \"موزەفەر\" بەهۆی بێکاری و هەژارییەوە دەستی دایە خۆ کوژی و لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیوا سەلیمی خێزاندار و باوکی ٢ منداڵ و دانیشتووی گوندی \"کانی دینار\"ی سەربە شاری مەریوان بووە، کەبەهۆی بێکاری و دەستکورتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هیناوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشیەنەکانی ئێران دەستیان لە ئەنجامی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە کەلە کۆی ئەو ریژەیە ٢٦ کەسیان پیاو بوون کە زیاتری ئەو حاڵەتانە بەهۆی هەژاری و کێشەی بنەماڵەیییەوە بووە.

بەپێی ئەو ئامارە ٤ پیاو و هەروەها ١ ژنی دیکەش هەوڵی خۆکوژییان داوە.
ئەو ئاامرە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد و نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردەواری، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو ریژەیەش زیاتر بێت.


کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی کێشەی بێکاری و هەژاری وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییان لە قەلەم ئەدەن، کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و چوونەسەرێی ئاماری بیكاری لە ئێران، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ساڵانە ٤٠٠٠ هەزرا هاووڵاتیی ئێرانی هەوڵی خۆ کوژی ئەدەن کە زیاتر لە ٥٠٠ حاڵەتی ئەو خۆکوژییانە گیان لەدەست دانی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە.