دەستڕێژی هێزە نیزامییەكان كۆڵبەرێكی كوردی کرده قوربانی

15:10 - 8 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: كۆڵبەرێكی سەردەشتی كە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانی رووی لەناوچە سنوورییەكان كردبوو بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامێی ئێران پێكرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، خالەق خاڵەیی كۆڵبەری كورد لەشوێنێك بەناوی جۆگەی \"مێرگاسێ‌\" لەناوچەی ئالانی سەردەشت كەوتۆتە بۆسەی هێزە نیزامییەكان و لەئەنجامی دەستڕێژی ئەو هێزانەدا بریندار بووە.

خالەق خاڵەیی شەوی هەینی رێكەوتی ٧‌ی خەرمانان تووشی ئەو رووداوە بووە و بە هۆی بەركەوتنی گولـلە، لاقی تووشی برینداری بووە و هەنووكە لە نەخۆشخانەیە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا رەوتی كوشتن و بریندار كردنی كۆڵبەرانی كورد لەناوچە سنوورییەكان لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە بەربڵاوتر بووە و بەوتەی خۆیان ئەو هێزانە فشارێكی زۆریان خستوونەتە سەر.

سەرەڕای تەقەی هێزە نیزامییەكان و هەروەها زۆر مەترسیی دیكەش بەڵام كۆڵبەران ئامادە نین واز لەو كارە بهێنن، چونكە بۆ خۆیان دەڵێن بێجگە لەكۆڵبەری دەرەتانی كارێكی دیكەیان نیە.

بەوتەی چالاكانی سیاسیی و شارەزایانی بواری ئابووری، دابەش كردنی سامان و داهاتی وڵات بەشێوەی نادادپەروەرانە، روانینی ئەمنیەتی بۆ سەر كوردستان، هەڵكەوتەی جوغرافیای ناوچەكە و دابین نەكردنی ئێعتابارات و بودجە بۆ كوردستان وای كردووە كە كۆڵبەری رۆژ لەگەڵ رۆژ روو لە پەرەسەندن بكات.