دەستڕێژ دیاریی هێزی ئینتزامیی/ هاووڵاتییەكی دیكەی كورد بە تەقەی راستەوخۆ بریندار كرا

21:11 - 18 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: ماشێنی هاووڵاتییەكی دیكەی كورد لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە درایە بەر دەسترَێژی و شۆفێرەكەی بە توندی بریندار كرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"لوقمان جوانڕۆیی\" لە حاڵێكدا كە بە ماشێنێك لە جۆری تویۆتا لە حاڵی تێپەڕین بەسەر جادەی تازئاوا هەڵكەوتوو لە سەلاسی باوەجانی بوو، كەوتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكان و لە ئەنجامدا ئەو هاووڵاتییە بریندار كرا و ماشێنەكەشی لە ئاگردا سووتا.

لوقمان جوانڕۆیی لەلایەن خەڵكی ئەو ناوچەیەوە براوەتە نەخۆشخانەی شاری كرماشان و هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەك لەمەڕ تەندرووستیی لەبەر دەستدا نیە.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی 17‌ی گەلاوێژ ماشێنی دوو هاووڵاتیی دیكە لە شوێنێك بە ناوی \"ملەتشقێ‌\" لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزی ئینتزامیی پێكیان دادا و لە ئەنجامدا هەر دوو ماشێنەكە ئاگریان گرت و هەر دوو سەرنشینی ماشێنەكە لە ئاگردا سووتاون.

ئەو هاووڵاتییانە بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان سەرقاڵی گواستنەوەی سووتەمەنی بوون و نەبوونی دەرەتانی كار لە ناوچە كوردنشینەكان هاووڵاتییانی كورد ناچار بە پیشەی جۆراوجۆر دەكات كە زۆر جار گیانیشیان لەو رێگایەدا دادەنێن.

هێزی ئینتزامیی لەو باوەڕە دایە ئەو كەلوپەلانە بە شێوەی نایاسی لە سنوورەكانەوە هاوردە دەكرێن و دەچێتە چوارچێوەی كەلوپەلی قاچاخەوە.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە چوار مانگی رابردۆوە هەتا ئێستا 17 هاووڵاتیی كورد لەسەر جادەكانی كوردستان و شوێنەكانی دیكە بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران كوژراون.

ئەو رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.