دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لە شاری نەغەدە، دەستیان بە دروشمدان بە دژی حدکا و کۆمەڵە کرد

20:42 - 4 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لە شاری نەغەدە دژی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دروشمیان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی پووشپەڕ، دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی، لە کاتی بە خاکسپاردنی یەکێک لە ئەندامانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە ناوی \"ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی\" لە شاری نەغەدە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵە دروشمیان دا.

دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی و پێشنوێژی هەینی شاری نەغەدە لەو ڕێوڕەسمەدا پێداگریان له سەر تۆڵەئەستاندنەوە لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار ڕوویدا و لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، \"ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی\" کوژرا و کەسێکی دیکە بە ناوی \"کەسرا عەبدولعەلیزادە\" لەو شەڕدا، لاقی بریندار بووە کە دواتر فەرمانده‌یی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر به حدکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، باسی لە گیانی لە دەستدانی یەکێک لە پێشمەرگەکانی بە ناوی \"سامان شیوەسەڵی\" خەڵکی شاری سەردەشت لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کرد.

حیزبی دێموکرات و حیزبی کۆمەڵە دوو حیزبی سەرەکیی کوردستانی ئێرانن و لە حیزبە سەرەکییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە ئەژمار دێن.