دەستدرێژی جنسی بۆسەر زیندانیانی سیاسیی ژن و پیاو لە ئێران بەردەوامە

12:32 - 27 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لەمێژووی ٣٠ ساڵ دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە زیندانەکاندا بینراوە. هەروەها لە نێوان جۆرەکانی ئەشکەنجەدا \"دەستدرێژی جنسی\"ش هەبووە کە ئێمە لەم راپۆرتەدا لەگەڵ چالاکێکی بواری مافەکانی ژنان و پسپۆڕێکی دەرووناس دیاردەکەمان هێناوەتە ئاراوە.

لە حەفتەی رابردوودا کچە خوێندکارێکی خەڵکی \"شاه ئاباد\"ی کرماشان، بەناوی \"حەنانە فەرهادی\" پاش ئازاد کران لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

هاوکات وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارە کردبوو کە نابێ هەواڵی ئەو رووداوە بە مێدیاکان رابگەیەنن.

ئەو کچە خوێندکاری \"فەوقە لیسانس\"ی زانستە سیاسییەکان بوو و ماوەی زیاتر لە ٢ مانگ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو کە پاش ئازادکرانی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئاشکرایە کە ئەمە یەکەم دیاردەی لەم چەشنە نییە. چەندین حاڵەتی لەو جۆرە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هاتوونەتە ئاراوە.

هەرلەو پەیوەندییەدا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی رێبەندان، کچێک بەناوی \"شادیە باسامی\" تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی \"بێساران\"ی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

شادیە باسامی پاش ئەوەیکە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ئەو ناوچەیەوە بەناوی \"ج ، چاوشی\" دەستدرێژی جنسی کرابوویە سەر ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو و لەئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوە حەفتەی رابردوو، \"پەروین غەفاری\"، جێگری پێشووی بەرپرسی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی تاران، پاش ئەوەی کە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

پەروین غەفاری، نووسەر و شاعیر، لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە کاتی سەردانی بۆ \"دادگای تایبەت بە بنەماڵە\" لەگەڵ دادوەر تووشی کێشە هاتبوو کە لە ئەنجامدا بە تۆمەتی \"بێ‌ڕیزی کردن بە خامنەیی\" دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرابوو.

ئەو ژنە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەتی نا ئەخلاقی بەرپرسانی حکوومەتی و سیسیتمی قەزایی ئێران ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و باری تەندرووستی نالەبار راگەیەندراوە.

پێویستە ئاماژە بوەش بکرێ کە دیاردەی دەستدرێژی جنسی بۆسەر زیندانیانی سیاسی هەر بە ژنان نەبستراوەتەوە و زیندانیانی سیاسی پیاویشی گرتۆتەوە.

چەند نموونە بە ئاژانسی کوردپا راگەیەندراوە کە لێرەدا دەقی لێدوانی راستەوخۆی یەکێک لەو زیندانیانە وەک بەڵگە دێنینەوە. ئەویش زیندانی سیاسی \"پەیمان کاووسیی شەریف\" خەڵکی شاری \"کەنگاوەر\"ی سەربە ئوستانی کرماشانە کە دەڵێ:

\"حەفتەیەک پاش هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ لە شاری تاران دەستبەسەر کرام و دواتر دەستدرێژیی جنسییان کردە سەرم و پێیان راگەیاندم کە بەڵایەکمان بەسەر هێناوی کە بۆ هەتا هەتایە لە رووت هەڵنەیا لە نێو خەڵکدا سەرت هەڵبێنی و بۆخۆت بڕیاری کوشتنی خۆت بدەیت\".

\"11573.jpg\"
شەهێن محەممەدی
ئاژانسی کوردپا، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان لەگەڵ \"شەهێن محەممەدی\"، ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، لێدوانێکی پێکهێناوە، ناوبراو لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی خۆکوشتنی ژنان پێی راگەیاندین کە (یاسا، کولتوور، ئایین و نەریتی خێڵەکیی زاڵ) بەسەر کۆمەڵگادا لە هۆکارەکانی پشت ئەم جۆرە کارەساتانەوەن بەتایبەتی لەبەر ئەوی ژنان لە منداڵییەوە سەرکوت کراون، متمانە بە خۆبوون و توانای دیفاع کردنیان لە خۆیان لاوازە.

ئەو چالاکە ژنە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی رێژەی خۆ کوشتنی ژنانی بە (نائاگاهی تاکی ژن) لە قەڵەمدا و گوتی: کاتێک ژن مافەکانی خۆی نەناسێت نازانێ بە چ شێوەیەک داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات، بۆیە بەردەوام بەروڕووی پێشل کرانی مافەکانی دبێتەوە. هەربۆیە خۆ کوشتن بەتاکە رێگەی ناڕەزایەتی دەربڕین دەزانن و لە ئاکامدا روو لە خۆ سووتاندن و کوشتن دەکەن.

\"د. ناسر سیمایی\"، دەروونناس و مامۆستای زانکۆ، لەمەڕ کاریگەریی دەستدرێژی سێکسی لەسەر باری دەروونی بۆسەر مرۆڤ بە \"ئاژانسی کوردپا\"ی رایگەیاند: \"دەستدرێژی جنسی قورسترین جۆری زەبری دەروونییە کە دوای رووداوێکی دڵتەزێنی لەم جۆرە بەسەر مرۆڤێکدا دێت. هەروەها، بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی لە ماوەی ٩٠ ساڵ کاری توێژینەوەدا بەدەست هاتوون، کاریگەرییەکانی دەستدرێژی جنسی ٧ بەرابەر لەهەموو رووداوە دڵتەزێنەکانی دیکە زیاتر دەبێت.\"

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە ئەو کەسە بچێتە لای کەسێکی دڵسۆز و ئەو مەسەلەیەی لەلا باس بکات. لە راستیدا دەردە دڵی لەگەڵ بکات. چونکە، ئەوە گرینگترین هەنگاوە و لە قورسیی ئەو ئازارە کەم دەکاتەوە. ئەوە بۆ خۆی هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە لای خۆی قەبووڵ بکات و لە قۆناغی ئینکار و سەرلێشێوای بێتە دەرێ، رزگاری ببێت و بەرەو چارەسەریی هەنگاو بنێت.

لەهەمان کاتدا ئەو کەسەی راوێژی لەگەڵ دەکات، رێنوێنی بکات و نموونەی هاوشێوەی بۆ باس بکات و پێی بڵێ کە دەتوانی خۆ لەگەڵ کۆمەڵگە بگونجێنی و لە ئەنجامدا رەوتی ئاسایی ژیان بپێوێت.

کارناسانی سیاسیش لەسەر ئەو باوەڕەن، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان کەس لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر دەرکەوتووە، چەندین کەسیان لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر و پاش ئازاد کران لە زیندان هەوڵی خۆکوژیان داوە و زۆربەیان کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.