دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستان دەستی پێکردەوە

15:43 - 11 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەپاش پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، دەستیان کردووەتەوە بە بانگهێشت و لێپرسینەوە لە چالاکانی مەدەنیی کورد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەشەمە، دوو کەس لە ئەندامانی ڕەوتێکی میللی ــ مەزهەبی لە کوردستاندا، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران لە پارێزگای کوردستان، بانگهیشت کران.

\"29664.jpg\"
سەعدی قورەیشی، ئەیووب تابعی،فەرید قوربانی
ناسنامەی ئەو دووکەسەی کە لێپرسینەوەیان دەگەڵ کراوە بە؛ فەرید قوربانی و ئەیووب تابعی ڕاگەیەندراوە.

ڕاپۆڕتی نێردراو باس لەوە دەکات کە چالاکیی \"مەکتەب قورعانی کوردستان\"، تەوەری بانگهێشت و لێپرسینەوە لەو دوو هاووڵاتییە بووە و پاش چەند کاتژمێرێک ئازاد کراون.

هەروەها سەرچاوەکانی ئاژانسی کوردپا ڕایانگەیاند کە؛ لەکۆتایی مانگی ڕابردووشدا، یەکێکی دیکە لە مەکتەب قورعانییەکان بە ناوی سەعدی قورەیشی بانگهێشتی ئیتلاعاتی سنە کراوە.

ناوبراو بە نووسراوی فەرمیی دادگوستەری، چووەتە ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شاری سنە.

لەم پێوەندییەدا، هەواڵنێری کوردپا لە چارەنووسی چالاکێکی سیاسی لە کامیاران بە ناوی حوسەین کەمانگەر بێ‏ئاگایی خۆی دەربڕی.

ئەو زیندانییە سیاسییە، نێوەڕاستی بەفرانباری ئەمساڵ بۆ جاری سێهەم لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا، دەستبەسەر و لە هەر چەشنە پێوەندیی تەلەفوونی و بینینی کەسوکاری بێبەش کراوە.

حوسەین کەمانگەر خاوەنی ژن و دوو منداڵە.

\"29665.jpg\"
نادر مەجیدیان، فاتیح دوانداری ، حوسەین کەمانگەر
هەواڵەکان لە سەقزیش باس لەوە دەکەن کە دوو کەس لە گیراوانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەو شارە، بۆ ستادی ئیتلاعاتی گشتیی پارێزگای کوردستان گوازراونەتەوە.

فاتیح دوانداری و بێهنام تاهیری، ناوی ئەو دوو هاووڵاتییەن کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندان، هاوڕێ دەگەڵ ١٧ کەسی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری سەقزەوە گیران.

بێجگە لەو دوو کەسە، هاووڵاتی عەلی داریی، سامان ڕەبانی، هوشیار حەیدەری، نادر مەجیدیان، وەفا فیرووزە و بێهرووز ساحێبی، لە زیندانی ئیتلاعاتی گشتیی پارێزگا، لە سنە ڕاگیراون.

بانگهێشت، لێپرسینەوە و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند ڕۆژێک لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری تێپەڕیوە، هەڵبژاردنێک کە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی تێیدا، باسی لە هیوا و گۆڕان لەدوای دەنگدان کردبوو.