دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستان بەردەوامی هەیە

23:00 - 4 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا چەند هاووڵاتیی کوردیان لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کوردستان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئاژانسی کوردپا، لانیکەم ٢٠ هاووڵاتیی کورد لە کاتی بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەکانی سنە و بوکان دەستبەسەر کراونو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

شوناسی ٨ کەس لەو هاووڵاتییانە کە لە کاتی گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی شای و خۆشی نەورۆز دەستبەسەر کرابوون بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووتەوە.

چوارکەس لە دەستبەسەر کراوەکانی شاری سنە لە ئەندامانی بنەماڵەی فەرهاد وەکیلی، زیندانی سیاسی ئیعدام کراو لە ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوین.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند کە هەر یەک لە شەهلا، جەهانگیر، موختار و جەهانبەخش وەکیلی ڕۆژی شەممە، ٢٩ی ڕەشەمە لە کاتی گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە لە خاڵی پشکنینی گوندی \"قەسریان\" دەستبەسەر کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە شاری بوکان لانیکەم ١٥ کەس لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە سەیرانگای \"کێوەڕەش\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

کامیل فەقێ ئەحمەدی، ڕێبوار پژگوڵ، فەخرەدین ئەحمەدی و سلێمان کەریمی ناوی ئەو چوار کەسه لە دەستبەسەرکراوەکانی ئێوارەی ڕۆژی هەینین کە لە دەورووبەری بوکان لەلایەن مائموورانی هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداری سەدان کەس لە شارەکانی بوکان، سەقز، نەغەدە، ورمێ، پیرانشار و مەهاباد بەڕێوەچوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی دەستبەسەرکراوەکانی دیکەی خەڵکی بۆکان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە.

\"29826.jpg\"
سەعید نادری
هەر لەو پەیوەندییەدا لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بە ناوی \"سەعید نادری\" کوری حوسێن عەلی لە شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ئیلامەوە دەستبەسەر کراوە.

لە هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە کورد هیچ هەواڵێک بڵاونەبووتەوە، بەڵام هێندێک لە ماڵپەڕە خۆجێیەکان ناوبراویان وەکوو \"چالاکێکی چەپ\" ناساندووە، کە ڕۆژی ڕابردوو پێوەندییەکی تەلفوونی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.

لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا ٢ خوێندکاری کورد بە ناوەکانی مێهران ئەمینی و ئارش موکری لە شاری سنە و تەورێز دەستبەسەر کرابوون کە هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نیە.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ١٣٩٤ی هەتاوی، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون کە بۆ ٦٣ کەسیان حوکمی قیساس بڕدراوەتە.