دەستبەسەرکردنی یەکێک لە ئەندامانی ئەجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە سنە

14:22 - 26 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنه، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، موختار ئەسەدی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئەندامی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە بەرانبەر ماڵەکەیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان به بێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی ئەم مامۆستا کوردەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووەتەوە.

ئەم سەرچاوە هەروەها رایگەیاند: لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکه سێنفییە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

چەند ساڵ لەمەوبەر، لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران، به بەرپرسایەتی قازی سەڵەواتی، ئەم چالاکە سێنفییەی به تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" به ساڵێک زیندان مەحکووم کردبوو.

چالاکیی کانوون و ئەنجومەنە سێنفییەکانی مامۆستایان بۆ وەدیهاتنی داخوازییەکانی مامۆستایان و خانەنشینکراوان، دەستبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە چالاکانی ئەم دامەزراوانەی بەدواوە بووە.