دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەکوردستان درێژەی هەیە

16:17 - 14 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی \"فایەق جیهانی\" کوڕی عەلی، تەمەن ٣٦ ساڵە، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

فایەق جیهانی ماوەی یەک حەوتووە دەستبەسەرە و هەتاکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵی کەم تەمەنە و خەریکی فرۆشتنی کەرەسەی پەڕاوەگە \"نوشت افزار\"ـه.

دەوترێ، فایەق سی ڕۆژ پێش لە دەستبەسەرکردنی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کراوە و پاش دوو کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا، بەڵام ناوەندی ئەمنییەتی شاری مەهاباد بە بیانووی لێپرسینەوە جارێکی دیکە بانگهێشت و دەستبەسەری دەکەن.

هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری مەهاباد، تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردەییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان ، وەپاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوە.

سەرەڕایی دەستبەسەر کردن و ناڕوونی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە مەڕ چارەنووسی فایەق چەند جارێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردوە، بەڵام هیزەکانی ئیتلاعات لە دانی هەر زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە خۆیان بواردووە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەی ناوبراوی لێکەوتووتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی کانوونی داکۆکیی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لە دەستبەسەر کردنی چالاکێکی مەدەنی بە ناوی \"ئارش حوسین پەناهی\" کرد کە بۆ دووهەمین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری دوێولان دەستبەسەر کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا حەوتووی ڕابردووش، ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان ٩ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەلاسی باوجانی دەستبەسەر کرد.