دەستبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی درێژەی هەیە

16:54 - 19 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران له کوردستان، دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوو، یەکێک لە مامۆستاکانی زانستگەی پەیامی‌نووری مەهاباد بە ناوی \"ڕەحیم حوسێنی\"، لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.

مەئموورانی ئیتلاعات سەرەڕای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، ماڵی ناوبراویان پشکنیوە و هەندێک لە کەرەستەی ناوبراویان وەک کتێب، نامیلکە و لەپ‌تاپەکەی لەگەڵ خۆیان بردووە.

لەهۆکاری دەستبەسەرکردن و لێپێچینەوەی چەند کاتژمێری ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لەبەردەست‌دا نیە.

هەروەها، هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان ڕایگەیاند کە، مەلای یەکێک لە گوندەگانی سەر بەو شارە دەستبەسەر کراوە.

\"30612.jpg\"
محەممەد‌ خزرنژدا
شوناسی ئەو هاووڵاتییە محەممەد‌ خزرنژدا، پێشنوێژی گوندی \"ناچیت\" ڕاگەیەندراوە کە دوای بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ئاژانسی کوردپا، مامۆستا محەممەد لە خوتبەی نوێژی هەینی‌، ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ ئێعدامی چالاکانی عەقیدەتیی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج بە توندی مەحکووم کردبوو.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەو دوو ‌هاووڵاتییە کوردە، ئەندامانی بنەماڵەی دوو چالاکیی سیاسی، بۆ ماوەی چەند کاتژمێر له ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، لێپێچینەوەیان لێ کراوە.

هەروەها مەئموورانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئێران، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دیاکۆ و ئاکۆ مورادی و داوایان کردووە کە ئەو دوو چالاکە سیاسییە بگەڕێنەوە بۆ ئێران.

هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کرد، ئاکۆ و دیاکۆ ئەندامی حیزبەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانن. ناوبراوان ساڵی ڕابردوو لە ئێران چوونەتە دەرەوە و بە فەرمی بوونەتە ئەندامی ئەو حیزبانە.

لە هەواڵێکی دیکەدا کە بە دەست ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، یەکێک لە مامۆستاکانی زانستگەی پەیامی‌نووری مەهاباد بە هۆی گوشارەکان و بێبەش‌کردن لە وانەوتنەوە، بە ناچار زێدی خۆی جێهێشتووە.

\"30611.jpg\"
سابیر عەبدوڵڵاهی
سابیر عەبدوڵڵاهی ناوی ئەو ماموستا کوردەی خەڵکی شاری ورمێ‌یە کە وێڕای بنەماڵەکەی، سەرەتای ئەو مانگە زێدی خۆی بەجێهێشت و لە تورکیە نیشەجێ بوو.

ناوبراو دووهەمین چالاکی بەناوبانگی کوردستانی ئێرانە کە بە هۆی گوشار و هەڕەشەی گیانیی ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.
پێشتریش چالاکێکی کوردی یارسان بە ناوی \"مێهدی سادقی\" بە ناچار زێدی خۆی بەجێهشێت.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، نزیک بە ٧٠ هاووڵاتیی کورد له شارەکانی سنە، مەهاباد، مەریوان، سەقز، پیرانشار، نۆدشە، بۆکان، شنۆ، سەوڵاوا و سەلاسی باوەجانی دەستبەسەر کراون و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەردەست‌دا نیە.