دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک چالاکی فەرهەنگی لە بۆکان و مەهاباد

19:36 - 19 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەک چالاکی فەرهەنگی و مەدەنیی کوردی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانەکانی مەهاباد و بۆکانیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کوردپا، دوابەدوای بەشداری کردنی ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و مەهاباد لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممەی رابردوودا، چەند کەس لە چالاکانی ئەو دوو شارە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری بۆکانەوە رایەگەیاند، رۆژی پێنج‌شەممە، ئەرسەلان چەڵەبی شاعیری خەڵکی بۆکان لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی بەشداری خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکەی دژ بە چەکدارانی داعش دەستبەسەر کرا.

\"22608.jpg\"
ئەرسەلان چەلەبی شاعیری کوردی بەشداربووی خۆپیشاندانی دژبە چەکدارانی داعش
ئەو شاعیرە کوردە، کە پاش ٢٤ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە، مۆبایلەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ماوەتەوە و رادەستی نەکراوەتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، هێزە ئیتلاعاتییەکان زیاتر لە ١٠ کەسیان لە شاری بۆکان دەستبەسەر کردووە، کە تەنیا ناوی سێ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە بەناوەکانی (هێمن عەبدوڵڵاپوور، پەیمان و عەتا) بۆ هەواڵنێری کوردپا روون بۆتەوە.

هەروەها بەرپرسی ئەنجومەنی پارستنی ژینگەش لە شاری مەهاباد هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە پاش بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوودا، دەستبەسەر کراون.

خەبات مەنگوڕی، بەرپرسی ئەنجەمەنی پاراستنی ژینگە لە شاری مەهاباد، پاش ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەری ئازاد کراوەو هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەو کەسە دەستبەسەرکراوانەی دیکە ئاشکرا نەبووە.

رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردووش کلسووم عوسمان‌پوور و سیمین چایچی بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوودا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرابوو.