دەستبەسەرکرانی چالاکێکی خوێندکاری/ فشار بۆ سەر چالاکانی سیاسی لە شاری سەقز

16:23 - 11 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی هەرەشە و فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە زێدی خۆی بەجێهێشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەردار پەرستار چالاکی خوێندکاریی کورد و خوێندکاری زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران کە بەهۆی رەخنەگرتن لە سەعید جەلیلی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە زانکۆ دەرکرابوو، لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە خوێندکارییە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی خاکەلێوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

\"19008.jpg\"
سەردار پەرستار بەهۆی رەخنەگرتن لە سەعید جەلیلی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە زانکۆ دەرکرا
سەردار پەرستار، کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ لە خوێندن لە زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی بێبەری کرابوو، پاش گەڕانەوە بۆ شاری سەقز لەلایەن ئیدارەی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو چالاکە خوێندکارییە کوردەی خەڵکی شاری سەقز روون نەبۆتەوە.

\"19128.jpg\"
محەمەد محەمەدی چالاکی سیاسیی بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە هەرێمی کوردستان گیرساوەتەوە
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەژێر فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

محەمەد محەمەدی چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز، کە بەهۆی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانییەوە، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کەوتبوویە ژێر چاوەدێرییەوە، بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە هەرێمی کوردستان گیرساوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان لە رۆژانی رابردوودا چەندین جار چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و وێڕای پشکنینی خانووی ئەو هاووڵاتییە، بە بنەماڵەکەیان راگەیاندووە، کە دەبێ لە ماوەی حەوت رۆژدا کوڕەکەیان رادەستی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ئیدارەی ئیتلاعات تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان داوەتە پاڵ محەمەد محەمەدی و بەو هۆیەوە لەژێر چاوەدێریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بوو.