دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیەکی خەڵکی بۆکان

16:21 - 17 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: چوارەمین شارۆمەندی خەڵکی شاری بۆکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی حکوومەتی ئێرانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، \"وەلی حەسەنزادە\"، لە شەقامی سەرڕێگەی فەرمانداریی ئەو شارە دەست بەسەرکرا.

هەواڵنێری کوردپا لەم شارە بڵاوی کردووەتەوە کە؛ سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی \"وەلی حەسەنزادە\" و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک بەدەست بهێنن.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا \"ڕەئووف جەلیلی\" تەمەن ٣١ساڵە کوری \"ڕۆستەم\"، \"سەعید شێرزاد\" تەمەن ٢٦ساڵ و \"ئامانج قوربانی\" ٢٩ساڵ، بە بێ بوونی حوکمی دەزگای قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی شاری بۆکانەوە دەست بەسەر کراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تاکوو ئیستا ئەمە چوارمین شارومەندیی شارە بۆکانە کە بە هۆکارگەلێکی ناڕوون و بێ‌بنەما لە لایەن دەزگای ئەمنییەتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.