دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن ئیتلاعاتی سەردەشتەوە

20:38 - 12 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت، لاوێکی کوردی خەڵکی سەردەشتیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٧، هێزە تیلاعاتییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی \"سۆران خزری\" تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی حەسەن، هێرشیان کردووەتە سەر خانووی ناوبراو، بەڵام نەیاتوانیوە دەستبەسەری بکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی خانووی ئەم هاووڵاتییە کوردە، برای ناوبراو بە ناوی \"کاروان خزری\" و دایکی بە ناوی \"تووبا شەهیدی\"یان دەستبەسەر کردووە.

\"\"تووبا شەهیدی
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی پشکنینی خانووەکەدا، \"کاروان خزری\"ان داوەتە بەر لێدان و بێڕێزییان بە بنەماڵەکەشیان کردووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: \"تووبا شەهیدی\" پاش چەن کاتژمێر دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە ، ئازاد کراوە بە\"ام \"کاروان خزری\" هێشتا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە و لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە: هێزە ئیتلاعاتییەکان، هەڕەشەیان لە \"تووبا شەهیدی\" کردووە کە لە گەڵ هەواڵدەرییەکان قسە نەکات و هەروەها وتوویانە تا کاتێک کە پێی ڕانەگەیەندراوە مافی ئەوەی نییە کە لە شاری سەردەشت بچێتە دەرەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، \"سۆران خزری\"، لە ترسی دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بێسەروشوێن و هێزە ئیتلاعاتییەکان به تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەوڵی دەستبەسەرکردنی ناوبراودان.