دەستبەسەرکرانی سێ خوێندکاری یارسانی لە زانکۆی رازیی کرماشان

13:32 - 21 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ خوێندکاری کوردی یارسانی لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە لە کرماشان، دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هیزە لیباس شەخسییەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی، سێ خوێندکاری کوردی زانکۆی رازیی کرماشانیان لەبەر دەم ئەو زانکۆیەدا رفاند.

بە گوتەی شایەتحاڵان، هێزە ئیتلاعاتییەکان سەرەتا هەوڵیان دا کە دوو چالاکی خوێندکاریی پەیڕەوی ئایینی یاری بەناوەکانی جهانگیر سەلیمی و وەحید فروودی دەستبەسەر بکەن، کە لەگەڵ بەربەرەکانێی ئەو خوێندکارانە بەرەوڕوو بوونەوە.

\"23120.jpg\"
جهانگیر سەلیمی و وەحید فروودی، دوو چالاکی خوێندکاریی پەیڕەوی ئایینی یاری
هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ئەو دوو خوێندەکارەدا، خویندکارێکی دیکە بەناوی سوبحان رەحیمی کە بەرەنگاری ئەو هێزە لیباس شەخسییانە بۆتەوە، هاوڕێ لەگەڵ ئەو دوو خوێندکارەی دیکە دراوەتە بەر لێدان و دەستبەسەریش کراوە.

دەگوترێ، هێزە لیباس شەخسییەکان، کە دەمانچە و بێ تەل(بیسیم)یان پێ بووە، لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو سێ خوێندکارە کوردەدا، بە توندی سووکایەتییان بەو خوێندکارانە کردووە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو سێ خویندکارە کوردە و شوێنی راگیرانیان بۆ کەسووکاری و بنەماڵەکانیان روون نەبۆتەوە.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا کۆمەڵگەی یارسانی لە ئێران و بەتایبەت لە کرماشان، لەلایەن ناوەندەکانی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی سووکایەتی بوونەتەوە.