دەستبەسەركرانی زیاتر لە ٤٥ هاووڵاتیی كوردی سوننە مەزهەب لەئوستانی كرماشان

13:55 - 1 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشان لەچەند شاری ئەو ئوستانەدا ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سوننی مەزهەبی دەستبەسەر کرد، کە بەرپرسانی ئەمنیی حکوومەتی ئیسلامی ئیدیعای ئەوە دەکەن، ئەو کەسانەیان لە پێونەدی لەگەڵ تەقینەوەکەی بەردەم بینای یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری خانەقین دەستەبسەر کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك هاووڵاتیی دانیشتووی شارەكانی سەرپێڵ زەهاو، جوانڕۆ و كرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

ئەو كەسانە بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ \" گرووپە سەلەفییەكان\" قۆڵبەست کراون و لەشوێنی راگرتنیان هیچ زانیارییەك نیە.

هەواڵنێری كوردپا لەجوانڕۆ وێڕای پشتڕاست كردنەوەی ئەو هەواڵە، رایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەكان لە چەند هێرشی جیاجیادا، زیاتر لە ٤٥ كەسیان لەشارەكانی رۆژئاوای ئوستان كرماشان دەستبەسەر كردووە.

بەپێی راپۆرتەكە، محەمەد شیرین گوفتار خەڵكی سەپێڵ زەهاو و عوسمان بیارە شوناسی دوو كەس لە دەستبەسەركراوەكانن.

بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو دوو هاووڵاتییە لەگەڵ هەڵسوكەوتی توندی هێزە ئیتلاعاتییەكان بەرەوڕوو بوونەتەوە و تەنانەت ئەو كەسانەی كە لەگەڵیشیان بوونە كەوتوونەتە بەر لێدان و كوتان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە قەسری شیرینەوە وێڕای پشتڕاست كردنەوەی هەواڵی گرتنی زیاتر لە ٤٥ كەس، ئاشكراشی كرد، دەستبەسەركردنی بە كۆمەڵی چالاكانی مەزهەبی سوننی بە جۆرێك لە جۆرەكان پێوەندیی بە تەقینەوەكەی رێكەوتی ١١‌ی بانەمەڕی ئومساڵ كە لە بەردەم بینای یەكیەتی نیشتمانی كوردستان لەشاری خانەقین رووی دا، هەیە.

ناوەندە ئەمنیەتییەكانی هەرێمی كوردستان، \"ئوبوو خالید ئێرانی ( سەرپێڵ زەهاو)\"‌یان كە لەئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) بوو، بە بكەر و ئەنجامدەری تەقینەوەكە لەقەڵەم دا.

ئەو كەسە بە رەچەڵەك ئێرانییە، هاوڕێ‌لەگەڵ ٦ كوردی دیكە بە تەقینەوەی خانەقین تاوانبار كراون كە تێیدا زیاتر لە سی كەس كوژران.

هەر لەو پێوەندییەدا سەرچاوە هەواڵییەكان لە ئوستانی كرماشان و ئیلام باسیان لە ناونووسی هاووڵاتیان بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ \"داعش\" كردووە.

ئەو ناونووسیانە لەلایەن ناوەندەكانی دەوڵەتی و بە پشتیوانەی سیاسی ـ ئەمنیەتی بەڕێوە دەچێت.