دەستبەسەر کردنەوەی سەرلە نوێی چالاکێکی سوننی مەزهەب

22:38 - 24 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسی - مەزهەبیی کورد بۆ جاری دووەم لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چەند رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتیەکی کورد بەناوی \"فوئاد رەزازادە\" لە شاری \"پولدەشت\"ی سەربە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــرانەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا.

ئەو چالاکە مەزهەبییە ١٦ مانگ پێش ئێستا و پاش تەوابوونی حوکمەکەی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ئازاد کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ فوئاد رەزایی پاش ئازاد کران لە زیندان بە بەردەوامی لەلایەن هێــزە ئیرتلاعاتییەکانەوە لە ژێر چاوەدێری‌دا بووە کە بەو هۆیەوە ویستوویەتی روو لە یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی بکات.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سنە، پێشتر بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج زیندانی بووە و ٤٠ رۆژ پێش ئێستا لە کاتێکدا کە لە سنووری شاری پولدەشت لە حاڵی پەڕینەوەدا بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ئەو ماوەیەش لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە دەستبەسەری‌دا بووە.

دەگوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردە چەند رۆژ پێش ئێستا سەرلە نوێ بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج گەڕێندراوەتەوە و سەرجەم ئەو پارەیەی کە پێی بووە لەلایەن مەئموورێکی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەناوی \"م، ر \"دزراوە.