دەستبەسەر کردنی چالاکانی ئینتێرنێتی، چالاکانی کوردستانیشی گرتەوە

21:22 - 3 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدارانی کرماشان، بەڕێوەبەرانی سەدان گرووپی کۆمەڵایەتیی ئینترنێتی لە کوردستانیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٢ی خەرمانان، ناوەندی ئەمنیەتی سایبێریی سپای نەبی ئەکرەمی شاری کرماشان، ڕایگەیاند کە؛ \"تۆڕێک\" لە \"بەڕێوەبەران\"ی تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئینتێرنێتییەکانیان خستۆتە \"داو\"ەوە، کە سیستمەکانی ئاندرۆیدی ژێر کۆکای پەیوەندییە (دەنگ و دەق)ەکان، وەک ئینستاگرام، تێلگرام، تانگۆ، وایبر، واتس ئاپ ... لە خۆ دەگرێ.

ناوەندی ئاماژە پێی کراو، بەبێ ئاماژە کردن بە شوناسی تەواوی دەستبەسەرکراوەکان، تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانە ئەدمینی ٢٥ تۆڕی کۆمەڵایەتیی سەر موبایلن.

ئەدمین (Admin) بە کەسێک دەگوترێ، کە تۆڕێکی ئینترنێتی بەڕێوە دەبات، و لقە فەنی و ئەمنیەتییە ئەو سیستمەی لە ئەستۆیە.

بەڕێوەبەرانی ئەو تۆڕانە کە لەلایەن سپای شاری کرماشانەوە دەستبەسەر کراون، نزیکەی ٤٠٠ هەزار ئەندامیان هەبووە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی چالاکانی دونیای مەجازی لە کوردستانی ئێران، لە ماوەی هاوێنی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٥٦ هاووڵاتیی کورد، کە لە بیاڤی مەدەنی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ چالاکی دەکەن، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە زۆربەیان چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها ماڵپەڕی \"گرداب\"، سەر بە سپای پاسداران، لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە ناسین، لێکۆڵینەوە و دەستبەسەر کردنی بەرێوەبرانی ٤٥٠ پەیج، کاناڵ و گرووپ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک؛ واتس ئاپ، ئینیستاگرام و تێلگرام کردووە.

هەروەها لە شاری دێزفوول، چەندین چالاکی فەرهەنگی دەستبەسەر کراون کە دەوترێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، نۆڕم شکێنییان کردووە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زۆرجار لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، بە هۆی سانسۆڕی ئینترنێتی و سەرکوتی چالاکانی دونیای مەجازی، بە توندی مەحکووم کراوە.