دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی بەلووچ لە لایەن سپای پاسدارانەوە

12:16 - 12 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران ماوەی ٤٠ ڕۆژە هاووڵاتییەکی بەلووچیان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە سەرچۆنییەتی دەستبەسەرکردنەکەی نیە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو هاووڵاتییە بەلووچە، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، لە زیندان لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە بەڕەوەڕوو بۆتەوە و سەرەڕای بەدواچوونی بنەماڵەکەی، دوای ٤٠ ڕۆژ لە گرتن و دەستبەسەر کردنی، بەرپرسانی حکوومەتی لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بەو گیراوە، خۆ دەبوێرن.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە، بە \"حوسێن ڕەحمانیی ئیرندگان\" کوڕی موعینوددین و لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ڕاگەیەنراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزەوە دەستبەسەر کراوە.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە بەلووچە، پاش ٤٠ ڕۆژ لە گیرانی، بۆ زیندانی شاری خاش گواستراوەتەوە.

لە وتوێژێدا لەگەڵ کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، بنەماڵەی ناوبراو ڕایانگەیاند؛ هیچ زانیارییەکی تەواومان لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی کوڕەکەمان نیە، بەڵام لە کەسانێکی دیکە بیستوومانە حوسێن بە تۆمەتی \"وەهابیەت\" دەستبەسەر کراوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو کەسێکی مەزهەبی نەبووە.