دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە پاش هەڵبژاردنەکان زیادی کردووە

14:38 - 22 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: بە دەستبەسەر کردنی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەردوو مەجلیسی خوبرەگان و شوورای ئیسلامی، ئاماری دەستبەسەر کراوەکان لە کوردستان گەیشتە ٢٦ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ڕەشەممە، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"پوویا و ئارمان حوسێن پەناهی\" و \"پوویا موقەدەم\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە ناڕوونەوە، هەروەها لەو ٢٦ کەسە شوناسی ٥ کەسیان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، پوویا حوسێن پەناهی لە تاران لە شەقامی \"سەعادەت ئاوا\" لە شوێنی کارەکەی و ئارمان حوسێن پەناهی و پوویا موقەدەم لە شارۆچکەی \"قروچای\" لە ناوچەی لەیلاخ لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لەپاش هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممە، کوردستان شەپۆلێکی بانگهێشت کردن و گیرانی چالاکانی مەدەنی بەخۆوە بینیوە کە هێمایەکە بۆ گەڕانەوەی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەپاش هێمنی سەروبەندی دەنگدان.