دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد و بێئاگایی دەبڕینی ئیدارەی ئیتلاعات

22:27 - 1 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی چوار کەس لە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکانی شاری کامیاران لە بەرانبەر ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، درگای ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران لە پارێزگای سنە، ئەمڕۆ شەممە ١ی جۆزەردان، شوێنی کۆبوونەوەی ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکانی حەوتووی ڕابردوو، بوو.

ئەو هاووڵاتییانە داویان لە بەرپرسانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی کرد سەبارەت بە دەستبەسەر کردن و تاوانی کوڕەکانیان، ڕوونکردنەوە بدەن.

ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕ کاتژمێر ١٠ی بەیانی هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری کامیاران، شاهۆ سادقی تەمەن ٢٨ ساڵە و خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری شاری سنەیان دەستبەسەر و ڕۆژی دوایی هەر یەک لە ئومید ئەحمەدی تەمەن ٢٦ ساڵە، مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٧ ساڵە و ئارام محەممەدی تەمەن ٢٥ ساڵەشیان دەستبەسەر کرد.

\"\"بەپێی ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری کامیاران لە ڕۆژەکانی چوارشەممە و پێنج‌شەممەی حەتووی ڕابردوودا، هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی دەستبەسەر کراوەکان.

مەئموورانی ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران،بێ ئاگایان خۆیان لە دەستبەسەر کردن وشوێنی ڕاگیرانی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە دەربڕی.

هێزە ئەمنیەتییەکان پێشتریش لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییانە، وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان، هێندێک کەرەسەی شەخسی دەستبەسەر کراوەکانیان لەگەڵ خۆیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بردووە.

هێندێ لە سەڕچاوەکانی نافەرمییەکانی دیکە ڕایانگەیاند، ئەو کەسانە لاینگری ڕەوتی چەپ و کرێکاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوون.

لە حەوتووی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی شەیدا ڕەحیمی و شۆڕش تەهماسبی لە شاری سنە و مەنسوور حەسەن زادە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کران.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، گوشار و هەڕەشە بۆ سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە مەبەستی کونتڕۆڵ و خستنە ژێر چاوەدێرییانەوە، ڕووی لە پەرەسەندن کردووە و ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان، بە ناوی دەزگای قەزاییەوە بە دوای \"هەڵسوکەوتی یاسایی\" لەگەڵ ڕەخنەگەرانەوەن.

تەقی ڕەحمانی یەکێک لە چالاکانی میللی_مەزهەبی لە وتوێژێکدا ڕاگەیاند، تەنانەت هیچ یاسایەک سەبارەت بە دەستبەسەرکردنەکان لە بەرچاو ناگیردرێت، چەمکێک بە ناوی\"جیاکردنەوەی تاوانەکان\" بوونی نیە و دوای ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەر کردن، \" تاوانەکان\" ڕادەگەیەنرێ.