دەستبەسەر کردنی سێ هاووڵاتی و ناڕوونیی چارەنووسیان

14:12 - 26 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی ئێران، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە شاری کامیاران سێ هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەک شەممەی حەوتووی ڕابردوو، ١٧ی ڕێبەندان، ساسان بابایی، مامۆستا و چالاکی مەدەنی لە شاری کامیاران لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، هێزە ئەمنیەتییەکان هەر لەو ڕۆژەدا کاوە مورادی یەکێک لە فەرمانبەرانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شاری کامیاران و وەرزشوانی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە شاری کامیاران بە ناوی ئومید کەمانگر کە نزیکایەتی لەگەڵ ساسان بابایی هەیە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و لە شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە.

\"\"بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان چەند جارێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانیان کردووە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نیە.

ساسان بابایی مامۆستا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی شاخەوانی و چالاکی مەدەنی شاری کامیاران، پێشتر لە ساڵی ٨٥ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش دوو مانگ لە ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوێزرایەوە.

ئەو مامۆستا کوردە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ساسان بابایی پاش تێپەڕاندنی سێ ساڵ و نیو لە ماوەی زیندانەکەی، ئازاد کرا و دواتر لەلایەن هەیئەتی سەرپێچیەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بە سێ ساڵ دوور خرانەوە بۆ شاری سمنان مەحکووم کرا.